مزراویلکە لانکێکی خۆڕاژێنی بەیت و باوی کۆنی دیوەخانانە بە ناردنی قسەی نەستەق و بابەتی فۆلکلۆری گیانێکی نوێ بدەنەوە بەر هەناوی ئەدەبیاتی زارەکی گەلەکەمان پێوەندی لەگەڵ ئەدمین: @MradBapirpour @rahmani_138
#نک
لە بۆکان مامۆستا... کە هەم مەلا بوو و هەمیش فێرکاری دینی و عەڕەبی بوو لە مزگەوت دادەنیشێ و چاوەڕوانی بانگی نیوەڕۆ دەبێ. ئەوە سەردەمی شەڕی ئێران و ئێڕاقیشە. ئەو دەم یارمەتییان بۆ بەرەکانی شەڕ کۆ دەکردەوە.
فەرماندەیەکی سپا دەچێتە مزگەوت و بە خەتە شەڕەپشیلەکەی خۆی نامەیەک دەنووسێ و داوا لە مەلا و کەیخوداکان دەکا کە واژۆی کەن هەتا بە گەڕەکدا بیگێڕێ هەتا بەو شێوەیە یارمەتی کۆ کاتەوە.
مەلا کە نامەکە دەخوێنێتەوە بە فارسی دەڵێ: "ئین جەنگ گوربە ئەست. واتا ئەمە شەڕە پشیلەیە"
فەرماندە و مەلا زۆری لێ دەڵێن و خەریکە بگاتە جێی ناسک، میرزایەک لە مزگەوتەکەدا دەبێ دەچێ نێونجییان دەکا و چاو لە نامەکە دەکا زۆر ناحەز و پیسخەت نووسراوە، ئەمجار لە مەبەستی مەلا تێ دەگا و فەرماندە حاڵی دەکا کە مەبەستی مەلا لە "جەنگ گوربە" وەرگێڕانی وشە بە وشەی"شەڕە پشیلە"یە کە بە مانای خەت ناخۆشییە.
@mzravilka
وەرگێڕ: #لانەواز بە دەسکارییەوە
سروشتی مرۆڤ زۆر ناسروشتییە! هەر لە بیری قازانجی خۆیدایە و دژی بەرژەوەندی گشتییە.
قەت لە سەر بارێک نییە و بەردەوام لە نەوەستان(نَوَسان) و گۆڕاندایە. لە هاویندا حەز بە زستان دەکا، لە پاییزدا یادی بەهار دەکا، لە جستانێ بیری هاوین دەکا و چەمەڕای بەهارە؛ لە بەهاریشدا هەست بە دڵخۆشیی ناکا و دایمە دەمبەگلەییە و ئاخ هەڵدەکێشێ: ئاخ کە ساڵێکی دی لە ژیانم تێپەڕی و بە خۆم نەزانی...
ژیان گەر خۆش با بەگریانەوە
نەدەهاتینە ئەم جیهانەوە!
@mzravilka
#ڕەشە
برادەرێکی سەردەشتی بۆ چارەسەری نەخۆشی چوبۆ بەغدا. کە باری تەندروستی تۆزێک باشتر ببوو گەڕابۆوە براژنی لێی دەپرسێ دەڵێ ئەرێ کاکە دەڵێن بغدا ئافرەتی جوان و قوون زلی زۆر لێیە. دەڵێ ئەریوەڵڵاهی براژن سەتی وەک تۆم بە پەنجا دیناری دەگان!!!!
@mzravilka
#مەحەمەد بێهڕەوان - بۆکان
دەگێڕنەوە دەڵێن: پیاوێک لە بۆکان منداڵی نێرینە هەر کوڕێکی دەبێ.کابرا نەخۆشدەکەوێ و دەمرێ لەو دەمەشدا کوڕەکەی لە ماڵێ نابێ مەلا و خەڵکی دەوروبەر مەیتەکەی ڕادەگرن تا کوڕەکەی دەگەڕێتەوە. هەر کە گەویشتەوە، خەڵک پێیان وابوو دەیکاتە شین و واویلا. بەڵام نووکەی لێوە نەهات. ڕووی لە مەلا کرد گوتی: مامۆستا باوکم وەسێتی نەکرد؟ سولێمانە شێت لە پێش مەلادا گوتی: ئیشەڵڵاگوی وای نەخواردوە.
@mzravilka
#کاکەڵڵاغا
کابرایەک چووە قوتابخانە هەتا کارنامەی کوڕەکەی وەرگرێتەوە.باوکە چاوی لە کارنامەکە کرد سەری لێ دەرنەهێنا. بەرپرسی قوتابخانە کوتی:
ئەوە نمرەی ئازموونی یەکەمیەتی. ئەوە نمرەی ئازموونی دووهەمیەتی. ئەوە نمرەی کلاسییەتی و ... میانگینیان دەکاتە ئەودندە و کوڕەکەت دەر نەهاتووە.
باوکی کوڕە کە وشەی"میانگین" بە "مەیانگێن" تێگەییشتبوو، کوتی:
ئەی کاکی بەرپرس ناکرێ بیانگێن و دەریان بێنن و قوبووڵیان کەن!
@mzravilka
#کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک
جێی مست پێلەقەیە!
.پیاوێک دەگات بە شاعرێک و پێی دەڵێ:
لە دوور ڕا بینیتم وام زانی ئافرەتی!
شاعیرەکەش دەڵێت: دەسا منیش لە دوورەوە تۆم بینی وام زانی پیاوی!
@mzravilka
#وەرگێڕان
کابرایەک بە کوڕەکانی کوت لەم دایکە پیرەتان وەڕەز بووم، پیرە بۆ من نابێ بەشکم لە تورکییەوە ژنێکم لە بۆ بێنن.
کوڕان دایکیان بردە تورکییە و نەشتەرگەری جوانکاریان بۆ کرد و هێنایانەوە. زەنگیان بۆ بابیان لێدا:
بابە وەرە بۆ ئێرە ژنێکمان بۆ پەیدا کردووی وەرە بزانە بە دڵتە و پەسندی دەکەی.
بابە هات و پێی جوان بوو مارەی کرد. پاشی دوو، سێ ڕۆژان کوڕان کوتیان: بابە بارودۆخت لەتەک ژنی تازەدا چۆنە؟
باب: تیپ و قەد و باڵا و جوانییەکەی باشە بەڵام بەداخەوە هەڵسووکەوتی هەر لە دایکتان دەچێ!
@mzravilka
#دانپێدانان_هەڵبڕاو 52
✍ناسرای خاتووزین
چیرۆکی "یۆسفی کەنعان"م بیستبوو و لە دڵی خۆمدا دەمگوت: "براکانی یۆسف دەستیان خۆش بێ لە چاڵیان هاویشت! با بابی فێر نەبێ جارێکی دیکە منداڵێکی لە منداڵێکی دیکەی خۆشتر بوێت."
مەسعوودی برام زوو تووڕە دەبوو و زۆر کاری قۆڕ دەکرد. ئەوەش ببووە هۆی ئەوەی دایکم و وان منیان لە مەسعوود خۆشتر بوێت. ئاخر من لە ماڵێ منداڵێکی گوێ لەمستتر بووم لە مەسعوود.
زۆرجار کاتێک دایکم و بابم هەڵسووکەوتیان لەگەڵ من نەرمتر و سۆزدارانەتر دەبوو، بۆ ئەوەی غەدر لە مەسعوود نەکرێ، منیش بەدانستە کاری قۆڕ و سەرەڕۆیانەم دەکرد. ئاوا دەمهەویست سەرنج لەسەر مەسعوود ڕا بێنمە سەرخۆم و سەنگی خۆشەویستنی خۆم و مەسعوود بکەمەوە بە یەک.
کەچی بۆ ماڵوێرانی هەرکات ئەوکارەم دەکرد، یانی بۆ پشتیوانیی مەسعوود کارێکی قۆڕم دەکرد، مەسعوود چوونکە خۆی بە براگەورە دەزانی، لەسەر ئەو کارە تێروپڕی تێ هەڵدەدام!
لە دڵی خۆمدا جنێوم بە مەسعوود دەدا و دەمکوت: "ئەخە توخمی سەگ من لەبەر تۆ خۆم دێزە دەکەم بۆ ئەوەی دایکم و وان منیان لەتۆ خۆشتر نەوێت، تۆش دێی تێم هەڵدەدەی!" نەشم دەتوانی بە ئاشکرا وا بڵێم و لەسەر دڵم دەبوو بە گرێ!
ئێستاش دوای بیست و یەک ساڵ دابڕان و دوورکەوتنەوە لە مەسعوود، هێشتاش زۆر جار خەونی ناخۆش بە مەسعوودەوە دەبینم و مۆتەکەی مەسعوود دێتە سەرم و بینەقاقام دەگرێ!
ـ مەسعوود ئەو نەقاشیانەت بۆ لێ دڕاندووم؟!
ـ چوونکە بێعەقڵی دەکەی!
ـ چ بێعەقڵییەکم کردووە؟ ئەخە... ئەخ خ خ خ خ خ خ... لە ڵ ڵ ڵ ڵ.... ع ع ع ع... ح ح ح ح ح... غ غ غ غ غ غ...
ـ ئارەزوو ئەوشۆ کاک ناسر لە خەودا دەنگی وای لە خۆی دەردێنا خەریک بوو شێت بم ئەگە خەبەرم بۆوە، یانی تا سەعاتێک دڵم لەسەر هەزار لێی دەدا!
ـ کچێ ئەوین جا دوایی دەشڵێ بۆچی پێی دەڵێم پڕخەت دێ، ئەگە پێی دەڵێم هەستە بچۆ لە ژوورێکی دیکە بخەوە، پێی ناخۆش دەبێ، باوەڕ بە من ناکات، ئەوەش شاهید!
کە مەسعوود بۆم دێ و دەست دەکات بە تێهەڵدانم، لەبەر ئەوەی دەبێ گەورە و چووکەییم لەبەر بێت و مافی دەسکردنەوەم نییە و، لەبەر ئەوەی لەسەر ئەو خۆم خراپ کردووە و ناتوانم ئاشکرای بکەم، زمانم لە زاردا دەشکێ و کۆڵی گریانم هەڵدەستێ و دەستەوستان و لێقەوماو بە لێوە لەرزە وە لاڵەلاڵ دەکەوم و هەرچی پیتی قوڕگییە لە گەروومەوە لێکدالێکدا دێنە دەرێ! یەکی نابەڵەد بێ، وا دەزانێ گوێلکی قوربانیم سەریان بڕیم و قڕخەقڕخی خوێن هەڵێنانەوەی دواییمە!
گەر کامێرا ڕێی هەبوایە بۆ نێو خەونەکانم و ئەو دیمەنانەی تۆمار کردبوایە، یەکەم خەڵاتی نۆبێلی مرۆڤی زەلیل و دەستەوستان بە من دەبڕا.
ژێدەر: کاناڵی نووسەر
***
@mzravilka
#کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک
هونەری وەڵام دانەوە!
ئافرەتێکی قەڵەو دەچێتە ناو پاسێکەوە، یەکێک بەتەنزەوە دەڵێت من بەوەم نەزانیوە کە ئەم پاسە بۆ فیل دابین کرابێت!
ئافرەتەکەش هیچ خۆی نەشڵەژاند وتی:
نەخێر بەڕێزم. ئەم پاسە لە شێوەی کەشتییەکەی نووحە، جگە لە فیل کەریشی تیایە!
@mzravilka
وەرگێڕ: #لانەواز
گەڵای هەڵوەریو! وەک من خەمینی
چون ئێستا دەگەڵ خاک هاونشینی
سەردەمێ لە سەر ترۆپکی دار بووی
ئێستا ئاوارەی سەر ڕووی زەوینی🍁
وەک من ڕەنگزەرد و کز و بێتینی🍂
مات و خەمۆک(اَفسُردە) و گۆشەنشینی
ناهەقت ناگرم ئێستا لە دژی
چەپگەڕی گەردوون، هێندە بەقینی
@mzravilka
#✍محەممەد بێهڕەوان - بۆکان
ژین
هێندە ژیاوم بێ ژیان من ژین لە ژینم چۆتە دەر
دایمەگریان بۆتە پیشەم دین لە دینم چۆتە دەر
قەت لە خەونیشدا نەبوە شادی ببینم من بە چاو
نوور لە دیدە بۆتە دوژمن بین لە بینم چۆتە دەر
شەڕ لەگەڵمان تێکەڵاوە قەت نەبوە ساتێ نەبێ
دەوریمەی گرتوە بە ئاگرڤین لە قینم چووەتە دەر
دەردەکەی دونیا بە تایبەت ڕۆژ و شەو هەر بۆ منە
ئاسیمان ڕەش بوو لەبەر چاو خوێن لە شینم چووەتە دەر
وا دەلەرزێ تار و پۆی دڵ لەرزی ژینی لانەما
بنکەکەی مان چوو بەلادا چین لەچینم چۆتە دەر
ساردی سەرما بۆتە وەرزی ساڵەکەی بێ فەسڵی من
قامەتی من بۆتە یەخچاڵ تین لەتینم چووەتە دەر
هێندە ڕۆیشتم من لە دوای ژین قەت نەبوو زاهیر لە لام
ئەسپی ژێرپێم کەوتە عەرزی زین لە زینم چووەتە دەر
@mzravilka
#م ــــــــــــــــــ ص
مەلایەکی دۆستم بۆی گێڕامەوە کوتی تازە مەلایەتیم تەواو کردبوو لەسەر دەستی چەند مەلای نێودار ئیجازەی مەلایەتیم پێ درابوو بەڵام زۆر مەیلم لەسەر مەلایەتی نەبوو. بۆیە دەستم کرد بە تەبابەت بەشێوەی سوننەتی. هەرکەس بۆ هەر نەخۆشییەک هاتبایە لام چەند گیاو و گۆڵم بۆ لێک دەدا و دەمدایە هەڵبەت تۆزێکی لێ حاڵی بووم. ڕۆژێک کوڕێک هاتە لام کوتی مامەستا دەردێکی زۆر پیسم گرتووە بەڵام هەرچەند دەکەم لەڕووم هەڵنایە پێت بڵەم. کوتم بابە خودا ئەگەر دەردی داوە دەرمانیشی داوە بڵێ بزانم نەخۆشییەکەت چییە؟
کوتی مامەستا بێوەسیریمە. کوتم هیچ خەمت نەبی دەرمانت لەکن منە شەرتبی هێندەی بڵەی یەک و دوو چاکت دەکەمەوە. کوڕە کوتی ئای بەبابەوەت دەمرم چ بکەم؟ کوتم سبەی فڵان سعاتەی وەرە ماڵێ سیلەکی دەدەمە دەرکەی لە دەرکەی مەدە ڕاست وەرە ژوور قاپێک ماست و دوو سەلکەسیریش دەگەڵ خۆت بێنە. بەهەڵکەوت مەلاژنیش لەماڵ نەبوو. وەختی خۆی کوڕە وەژوور کەوت دوو سیرم ورد کرد و دەگەڵ پیاڵەک ماستی لێکم دا. جاکوتم پاتۆڵت دانێ و داوەرەوە. سەری هەرامەم دە پیاڵەی ماستی وەردا و دوور لەڕووی ئێوە ئەوەی نەدەبوو کردبام کردم کوڕە هاواری لێ بڵیند بوو ئەی بابە وەی بابە.... کوتم خۆت بگرە ڕێگاکەی هەر ئەوەیە. کوڕە بە ئەسپایی ئاوڕێکی داوە کوتی مامەستا خۆ دازنم دەمگێی بەڵام دڵم بەو سیرەی خۆشە دەڵێن سیر دەرمانی هەموو دەردانە!!!!
@mzravilka
#لانەواز
مامۆستایەکی زمانی عەرەبیمان هەبوو ناوی بەڕێز گەنجی بوو.
کوردی کەڵهوڕ بوو، کەسێکی لە دڵەوە نزیک و ڕووخۆش و شۆخیباز بوو.
خەریک بوو وانەیێکی لە عەڕەبییەوە بۆ وەردەگێڕاین:
جارێکیان کابرایەک لە خزمەتی پێغەمبەردا دەبێ، لەو کاتەدا کوڕەکەی دێ بۆ لای و ئەویش ماچی دەکات و دەینێتە باوەشی. بەڵام کاتێ کچەکەی دێتە لای، نایلاوێنێ و ماچی ناکات. پێغەمبەریش دەفەرمێت: بۆچی کچەکەت ماچ نەکرد بێویژدان؟!
بەڵام ئەو، کۆتاییەکەی ئاوا وەرگێرا: ئەڕا چە کچەکەت ماچ نەکرد گەوواد!؟
بەو قسەیە، گشتمان دامان لە قاقای پێکەنین😂
@mzravilka
#لانەواز
باوەڕ کەن پیرەژنێ ئەیوت:
وەڵا دنیا ئاخرییە!
ـ بۆ مەگەر چی بووە؟
- جا چی نەبووە ژن هەیە لە دادگا شکات لە مێردەکەی ئەکات و ئێژێت: دەستدرێژی پێ کردووم! جا کابرا مێردی خۆتە و حەڵاڵتە، عەیب و شوورەیی دەسدرێژی چی؟
ـ با ژن و مێردیش بن و بە قەوڵی خۆت حەڵاڵ بن، لێ: ڕەنگە لەو کاتەدا ژنە حەز و مەیلی لێ نەبێ؛ کەوایە بەکوردی بەوە دەگوترێت: زۆر🔞 و بە دەستدرێژی دێتە ئەژمار...
@mzravilka
#وەرگێڕان #لانەواز
دواکەوتوویی ئێمە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە:
لەبری بیرکردنەوە، دەستمان کرد بە لاساییکردنەوە.
لەجیاتی حەول و تەقالا، دەستمان کرد بە خوێندنی دۆعا
《ئەگەر بە دۆعا دەبوو
پشکەڵ بە خورما دەبوو
پەندی پێشینان ـ مامۆستا م.خاڵ》
لەباتی بڕیاری درووس، خۆمان دا دەستی چارەنووس،
لەجیات چارەدۆزینەوە، خجڵاین(خەریک) بە فاڵگرتنەوە!
ئاخایۆک و نەکردەکارین، قسەی زلزل نابڕینەوە!
ڕاستیی شتێ تاڵە و نابێ خۆمانی لێ بدزینەوە!
@mzravilka
#کاکە
خواقەوەتت بدات
کابرایەک خەریکی کەر......نێ بو، یەکی دی بەسەری داچو کوتی:خواقەوتت بدات!!!!! کابرا لە شەرمان کوتی: خوا قەوەتم ندات و بریا هەردوک چاوم دەرپەڕیبان!!!! بۆ نەزمی فێری بومە!!!!!
@mzravilka
#ف ح
کوردێک عەڕەبی نازانێ و دەچێتە دوبەی بۆ خڕیت. سواری تاکسییەک دەبێ و دەگاتە شوێنی مەبەست، نازانێ چۆن بڵێ ڕایگرە، دەست لە شانی ئاژوور دەدا و دەڵێ: سەدەقەڵڵاهولعەزیم.
@mzravilka
#حامید کڕێوە/شنۆزەنگ
چووم مریشک بکڕم ، کاتی پارەدان کارتی بانکێکەم دایە و نهێنێکەی لێ ویستم ، منیش پێم وت . کابرا کوتی دۆینێ مشتەریم هەبووە پێم کوتووە کاکە نهێنی کارتەکەت چەندە ؟ وادەکا چارەگ بۆ دوازدە ، کوتم یانی چی!!!! کوتی هاسانە یازدە چل و پێنج!!!!!
@mzravilka
#سوارۆ
جارێکی منداڵێکی ساوا مردبووو
پیرێژنێک زۆر بە داد و هاوارە بۆی دەگریا
خزمێکمان گوتی دا تخوا مەهێڵن وا شین و ڕۆڕۆ کا
پیرێژنەکە گریانەکەی بڕی
گوتی: ئەوە نەقڵی بابم نییە
بەخوای بە دڵی خۆم بۆی دەگریم😂😂
وەختی خۆی کە نەیانهێشتبوو تێر شیوەن بکا
لە دڵی ببوو بە گرێ😁😁
ژێدەر: کۆڕی زایەڵ
@mzravilka
#✍عیسا ئەحمەدی - سنە
قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵپەرست؟
لەنێو پێشانگاکەدا، لاوێکی هونەرمەند زۆر وردبینانە سەرەنجی تابلۆکانی دەدا. پێی سەیر بوو کە کەسێک پارەی خۆی بۆ ئەو چەشنە نیگارە بێڕۆحانە بە فێڕۆ بدات. کەچی لەلای سەرووی پیشانگا چەند تابلۆی کۆنە، لەسەریەک دانرابوون. یەکێکیان زۆر سەرەنجی ڕاکێشا. وێنەی پیرەپیاوێک بە دوو چاوی سارد و بێبەزەیییەوە. هونەرمەندێکی نەناسراو لە باتی ڕواڵەت، هەستێکی سەیری دەروونی لە چاوانیدا کێشابوو. وەکوو بڵێی هێشتا زیندوون. بۆیە سەرجەم پاشکەوتی خۆی دانا بۆ کڕینی تابلۆی ئەو چاوانە.
لە ماڵەوە دانیشتبوو، بیری لە ژیانی هەژارانەی خۆی دەکردەوە، وتەکانی مامۆستاکەی دەهاتەوە بیر. پێی وتبوو: تۆ خاوەن بەهرەی، بەڵام هەمیشە دەبێ خۆت بە قوتابی گەورەکانی هونەر بزانی. ئاسەواری بەرز لە ڕۆحێکی بەرزەوە سەرچاوە دەگرێ. دەروونێک کە تەنانەت تووشی شک و دوودڵیش بێت، کاری بەنرخی بۆ ناکرێ، چ بگا بە ڕۆحێک کە بە پارە گۆڕدرابێتەوە. هونەر بۆ گۆڕینی جیهان هاتووە بۆیە پێویستە هونەرمەند لە پێشدا خۆی خاوەنی کۆڵەکەیەکی دەروونی بێت، دەنا لە گۆڕەپانی ژیاندا دەدووڕێت و با دەیبا. دەبێ سەبرت هەبێ تا بتوانی لە هەموو هەست و بەهرەت بۆ خوڵقاندنی شاکارێکی بەرز و بەنرخ کەڵک وەربگری.
کەچی لەبەر خۆیەوە دیگوت: بەڵام ئەم نانە ناگا بەو ڕۆنە. برسیەتی سەبر و تاقەت ناناسێ! کێ قەدری هونەری ڕاستەقینە دەزانێ و لێی تێدەگات؟ سەری پڕسەودا و گیرفانی بەتاڵ یەک ناگرنەوە. ئێستاش کە تا دواقەرانی داوە، بەڵکو لەغز و مەتەڵی ئەو چاوانە هەڵبێنێ. ئاخۆ کام چیرۆک لە پشتی ئەو نیگاڕەوەیە..... دوای ماوەیێک بە ڕێکەوت لەبەر شکانی چوارچێوەی تابلۆکە، قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد. سەدان دراوی زێڕ، زۆر وستایانە لە چوارچێوەی تابلۆکە داشاردرابوو.
بەو زێڕانە، ژیانی گۆڕا. سەرەڕای بە کرێگرتنی ماڵی تازە و کڕینی جل و بەرگی نوێ، لە ڕۆژنامە بۆ ئاگاداری خەڵک ڕایگەیاندبوو کە وێنەی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان بە جوانترین شێوە دەکێشێ. لەو ڕێگایەوە، تێکەڵ بە چینی دەوڵەمەندان بوو و وێنەیانی دەکێشا. بوو بە هاوڕێی ئەوانەی کە جگە لە پارە هیچ شک نابەن. پیاوانی دەوڵەمەند پارەی باشیان دەدا کە ڕەسەن و خاوەن خانەدان پیشان بدرێن. ژنانیشیان خوازیار بوون کە لە وێنەکاندا نەجیب و جوان بێنە پێش چاو. دیاربوو ئەوان ڕاستی هونەریان، بە زەبری پارە دەگۆڕی. ئەوان وێنەیێکی پڕ لە درۆیان پێ جوانتر بوو تا هونەرێکی بێڕیا. وای لێ هاتبوو کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ڕەخنەی دەگرت: کە بۆچی خەڵک ئەوەندە مامۆستایانی پێشوو بە پیرۆز دەزانن؟
ڕۆژێک بانگهێشت کرا بۆ پیشانگای هاوقوتابێکی سەردەمی زووی. بە دیتنی ئەو نیگارانەی کە خولقاندبووی، بۆی دەرکەت، ئەو کارانە چەندە لە ئاسەواری خۆی بەهێزترن. زانی کە هونەرمەند بەرەو بەرزی دەچێ وهونەرفرۆش بۆ هەموو لایێ، ئەم بە دوای ناو و ناوبانگ و پارە و دۆستایەتی دەوڵەمەندان، ئەویش فێرخوازی له خزمەتی زانایان، بۆیە ئەو سەربەخۆیی خۆی پاراستبوو، ئەمیش جوانیناسی کردبوو بە قوربانی داخوازی خاوەن دەستەڵاتان.
گەڕایەوە ماڵ، دەیەویست ئەویش شاکارێک بخولقێنێ، کەچی هەرچیێکی دەکێشا بێڕۆح بوو. تووشی جۆرێک خەمۆکی هاتبوو. ڕۆژانە هەموو پارەی خۆی خەرجی کڕینی ئاسەواری گەورەکان دەکرد. شەوانیش بە توڕەیییەوە هەموویان ئەنجن ئەنجن دەکرد، بەڵکوو سوکنایی بێنێت. وردە وردە شێت بوو...و شەوێک جەڵتە لێیدا.
پاش مردنی، ئاسەواری بەجێماوی هەراج کرا. کوڕی ئەو هونەرمەندەش کە تابلۆی چاوەکانی کێشا بوو، هاتبوو. دیاربوو زۆر بە دوایدا گەڕابوو. پاش کڕینی تابلۆکە، ئاوەهای بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە: باوکی من دەیەویست وێنەی ڕۆحێکی تاریک و بێبەزەیی بخولقێنێ. بۆیە وێنەی پیاوێکی سووخۆری کێشا کە کاتی خۆی، ببوە هۆی ماڵوێرانی زۆر بنەماڵە. بەڵام دوایی، باوکم لەو کارەی خۆی پەشیمان ببۆوە. وتبووی هونەر واتە ڕەنگدانەوەی هەستی جوان و مانای بەرز، نابێ خراپییەکان بە هونەر هەرمان بکرێن و بمێننەوە. هونەر سووچێکی تاریکی هەیە کە نابێ وشیار بێتەوە. لە دنیای پڕ ئاژاوە، هونەر دەبێ ئارامبەخشی گیانی مرۆڤ بێت. وەسیەتی کردبوو لەهەر کوێ ئەو نیگارەتان دەستکەوت بیفەوتێنن.
پورترە - نیکۆلای گوگول ۱۸۳۵زایینی
بەڕێزان؛ نووسەری مەزن نیکۆلای، مەبەستی لە چاو؛ شێوازی ڕوانینە. ئەو دەڵێ پارەپەرەستی شەپۆلێکی ڕووخێنەرە بۆ تیابردنی هەست و هونەر. بۆ تێکشکانی پەیمان و بڵێنی. بۆ لادان لە ڕێبازی گەورەکان و پێشێلکردنی پێوەرەکان. بەڵام تەنیا باسی هونەرمەند نییە، دەبێ بەردەنگەکانیش ڕۆحی پاکیان هەبێ تا لە مانای هونەر تێ بگەن و هونەرفرۆشان درۆیان دەرخوارد نەدەن. نیکۆلای، هونەرمەندێک کە ڕۆحی خۆی فرۆشتبێ، بە مردوو دێتە هەژمار.
گەلی کورد هەرچەندە میراتگری هونەرێکی بەربڵاوە، بەڵام بە دوو باردا تووشی خەسار هاتووە. هونەرفرۆشی خۆماڵی پیرۆزی هونەر ناپارێزێ. خەڵکیش زەوقی کوردییان خەریکە کوێر دەبێتەوە.
#مەلای حاجی ڕەسوی
لەگوندی ئێمە(ما....) بنەماڵەیەک هەبوو،سێ براو دوو خوشک بوون لەوپێنج خوشک و برایانە تەنیا خوشکێکیان بەناوی پوورەمێر هاوسەرگیری کردبوو،ئەوانی دیکە تا کۆتایی تەمەنیان سینگڵ بوون، خاڵ ئەلیاس براگەورەیان بوو،خاڵ ڕەسوو لە خاڵ ئالیاسی چوکتربوو، هەر لەتەمەنی پازدە ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی خروێلکە بینای چاوەکانی لەدەست دابوو، بەڵام نابینایی نەببوو بە ڕێگر لە بەخێوکردنی ئاژەڵ ودروێنە وئاوداشتن وگەڵ بڕین و پاسەوانی ڕەزو باغەکەی لەمام ڕەسوو، بەچاوساغی چەندی کارکردبوو بەنابیناییش هەر دەیکرد بەڵام تۆزێک لەسەرخۆتر،خاڵ مەلا براچوکەیان بوو بەڵام بەداخەوە لەکۆتایی ساڵەکانی تەمەنیدا باری دەروونی تێکچوبوو، پوورە عەلیم خوشکیان بوو کاروباری ناو ماڵی بەڕێوە دەبرد، ئەگەر میوانی بایەی پێت خۆش بایە یا ناخۆش دووچای بەزۆری پێ دەخواردییەوە ،دەبوایە لە یەکەم چاڕا حاشات لەچاخواردنەوە کردبایە دەنا هەرچەند چایەک کە بەئارەزووی خۆت بخواردبانەوە، دووچایەکەی خۆی بەزۆری هەر پێ دەخواردییەوە، بەداخەوە ئێستا تەنیا پوورەمێرێ لە ژیاندا ماوە ئەوانی دیکە کۆچی دووایان کردووە. ڕۆحیان شاد بێت ئینشائەڵڵا
@mzravilka
#م ــــــــــــــ ص
مەلایەکی دۆستم بۆی گێڕامەوە کوتی لە دێیەک مەلا بووم مامەستای قوتابخانەی ئەو دێیە زۆر دژە دین بوو حیسابیشی بۆ من هەر نەدەکرد هەرچی ئەمن کوتبام بەرهەڵستم دەبۆوە. قسەی سەر زاری ئەوە بوو دەیکوت هەرچی ئەمن دەیڵێم باری عیلمی هەیە.ڕۆژێک لە مزگەوتێ مەوعیزەم دەکرد دیتم مامەستای قوتابخانە تەشریفی لە سەفی پێشێ دانیشتوە. لەبەرخۆمەوە کوتم با تۆڵەی خۆمی لێ بکەمەوە خۆ لێرە ناتوانی وڵامم داتەوە. باسی هەڵسەنگاندنی عیلم و شەرعم دامەزراند کوتم خوشک و برایانی موسوڵمان نەکەن بەسەهوو بچن عیلم شتێکی جێگیر نییە ئەوڕۆ شتێک لەسەردەستی عیلم دادەمەزرێ ڕەنگە ماوەیەکی دیکە یا گۆڕانی بەسەردابێ یا لەبنیاتڕا هەڵوەشێتەوە بەڵام شەرع جێگیرە و هەتا ئاخیرزەمانێ گۆڕانی بەسەردانایە. دەفەرموون وانییە با بە بەڵگە پێتان بسەلمێنم. "هارینسۆن" هات بەپێی ئەو عیلمەی هەیبوو حەبی قەوەتێی ساز کرد. ئەو کەسانەی هێزیان دەبەردانەماوە و هەرامەیان لە کورتێی داوە شەوێ دەنکێکی دەخۆن ئەو حەبە شانێکیان دەگەڵ وەبەردەدا و تاقەتێکیان دەگەڵ دەداتێ کاری خۆیانی پێ ڕادەپەڕێنن. ئێستا ئەمن بەپێی دەستووراتی شەرعی ئەو یاسایەم هەڵوەشاندۆتەوە. ئەو حەبەی لەت دەکەم لەتێکی دەکرۆژم لەتێکیش قووت دەدەم شەوێ لە جێگای یەک دانەی هەتا سێیان دەڕۆم!!!!!
@mzravilka
*بانگەواز*
_لەمێژە ئاواتی منە
ببینم وڵاتی سنە
زێدی کۆن و ڕەسەنی کورد
بە درێژایی تەمەنی کورد
ڕوانگەی هەزاران کارەسات
بنە و مەتەرێزی خەبات
"مامۆستا هێمن"
نووسەران، چازانان، توێژەران، هونەرمەندان و بیرمەندانی کوردستان
گۆڤاری "بەیان" گەرەکیە ژمارە (٣٢)ی خۆی تەرخان بە شاری سنە و ناوچەی ئەردەڵان بکات.
جا داوا دەکەین لەم بوارانەدا وتارمان بۆ بنێرن:
✅شوێنەواری مێژوویی و دیرۆک و کارەساتەکان و جوغڕافیای ناوچەی سنە
✅ڕەوتی شێعر و چیرۆک و ڕۆمان له و ناوچەیە
✅ناوچەی ئەردەڵان لە سەفەرنامە و ڕوانگەی بیانی و خۆییدا
✅زار و بن زاری ئەردەڵانی
✅فۆلکلۆر و داب و نەریتەکانی
✅سەربوردەی نڤیسکاران،هونەرمەندان،بوێژان و خۆشخوانەکانی ئەردەڵان
✅موسیقا و گۆرانی
✅هونەرگەلی شانۆ و سینەما و ...
✅هونەری تەلار و بینای کوردی
✅مێژووی ڕۆژنامەگەری ناوچە
✅عیرفان، ئایین و سۆفیگەری ناوچە
✅گەشەی زانستی، پەروەردە، وەرزشی و پیشەسازی و ...
✅بابەتگەلی پێوەندیدار بە سنە و ئەردەڵان
دوا دەرفەت بۆ ناردنی بابەت: *دەی سەرماوەزی ١٤٠٢**
بە سپاسەوە
🍁دەستەی نووسەرانی گۆڤاری "بەیان"🍁
#زرێوار
لە سەرشیوی مەریوان و لەسەر ڕێگای سەقز بۆ مەریوان، ماشێنێک وەرگەڕابوو بارەکەی ساندیس و نۆشابە و ..... بوو هێندێکی تەواو ڕژابوو هێندێکی نیوەشکاوبوو هێندێکی بە ساغی مابوون. خەڵکی گوندی گ.... چوون بارەکەیان هەڵگرتەوە کابرایەکی قسەقوت کووتی: خەڵکە مەڕۆن! چاوەڕێ بن بەشکم ماشێنێکی پڕ لە کەیکیش وەرگەڕێ ئەو دەم کەیک و نۆشابە و ساندیس پێکەوە دەخۆین.
@mzravilka
#کوڕۆجە
خودا یەک بە دوای یەکدا دوو منداڵی پێدابووم. خێزانم نەخۆش کەوت چووینە کن دوکتور. دوکتور کووتی: منداڵدانت خرا بووە ئیدی منداڵت نابێت. زۆرمان پێخۆش بوو بێ پێشگری و دۆدی و بۆدی منداڵمان نابێ. بەڵێ سەرونەیەشێنم بێ ترس و خۆف تێدەخزاین. لەپڕ خێزانم دووگیان بوو بە جمک و دوانە. هەڵاتینە کن دوکتور و گازندەمان لێکرد و لە وەڵامدا کووتی هەڵوارتە و ئیستنسایە.
ئێستا چوار منداڵن. هەتا ئێمە نەنووین ئەوان نانوون. بۆ ئەوەی هیلاک و شەکەت بن دەڵێم وەرن بم شێلن. لە دواییدا گلەیی دەکەن و دەڵێن: ئێمە بە چواران شەل و شەکوت دەبین ئەتۆش هەر دەڵێی: دایکتان جوانم دەشێلێ.
@mzravilka
#kurdistan
له هیتلهریان پرسی:
خوێری ترین و هیچ و پووچ ترین كهس، كه بینیوته كێ بووه؟!
هیتلهر له وهڵامدا كوتوویه:
ئهو كهسانهی كه له داگیركردنی وڵاتهكهی خۆیاندا یارمهتییان داوم...
#کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک
سەرۆکی وڵات ، فەرمانی دا بە دانانی بەردێکی گەورە لەسەر شەقامێکی گشتی و ڕێگەکەی بە تەواوی پەک خست . چاودێریکیشی دانا تا چاودێری بکات و بزانێ ئاخۆ هەڵوێست و پەرچەکرداری خەڵکی چۆنە !؟
یەکەمجار بازرگانێکی ناودار بە وێدا هات ، بە ڕوانینێکی گاڵتەجاڕیەوە تەماشای بەردەکەی کرد و بێ ئەوەی بزانێت کێ لەوێ دایناوە ، بە دەوری بەردەکەدا سووڕایەوەو هاواری کرد : دەچم شکات دەکەم، بزانم کێ ئەم بەردەی لێرە داناوە تا سزای بدەن.
دواتر وەستایەکی بیناسازی هات و هەروەک بازرگانەکەی کرد ، بەڵام ئەو زۆر دەنگی هەڵنەبڕی، چونکە پلەیەکی وا باڵای نەبوو .
پاش ئەو ، سێ هاوڕێی لاو کە هێشتا وێڵی کەسایەتی و ناسینی خۆیان بوون له ژیان ، پێکەوە هاتن و بە دیار بەردەکەوە ڕاوەستان و گاڵتەیان بە دۆخی وڵات کرد و ئەو کەسەیان بە نەزان و گێل و گێرەشێوێن چوواند کە ئەو بەردەی لەوێ داناوە .. گەڕانەوە ماڵ ..
دوای دوو ڕۆژ جوتیارێکی هەژار بە وێدا هات . هیچی نەووت ، بە هەردوو دەستی پاڵی بە بەردەکەوە ناو هەوڵیدا لای بدات ، بانگی خەڵکی کرد و هانی دان تا یارمەتی بدەن . پێکەوە پاڵیان بە بەردەکەوە ناو لەسەر ڕێگاکەیان لا دا . جوتیارەکە لە ژێر بەردەکەوە سندووقێکی بچکۆلانەی دیت ، کە سەری سندووقەکەی کردەوە پارەو زێڕی تێدا بوو لەگەڵ نامەیەک ، تێیدا نووسرا بوو :
له سەرۆکی وڵاتەوە بۆ ئەو کەسەی ئەم بەردە لادەدات ، ئەمە خەڵاتی تۆیە . چونکە تۆ کەسێکی خەمخۆر و ئەرێنیت . له بری ناڕازی بوون و هاوار کردن دەست پێشخەریت کرد و کێشەکەت چارەسەر کرد..
با هەر یەکەمان تێڕامێنین کە ئاخۆ چەند کێشەو ئاستەنگ هەیە دەتوانین زۆر بە سانایی چارەسەری بکەین ئەگەر هەوڵی بۆ بدەین! نەک تەنها هەر هاتوهاوارمان بێت!
"خوای گەورە چارەنووسی هیچ گەل و هۆزێک ناگۆڕێت تا خۆیان لەناو خۆیاندا نەگۆڕێن"
لە عەرەبیەوە وەرمگێڕا
کەرەم کاکەوەیس
@mzravilka
#حاجی عەبدووڵڵا حەمزە - سەردەشت
باوکێک پێش ئەوەی بمرێت بە کوڕەکەی گوت :-
کوڕی خۆم ئەو کاتژمێرەی کە دەیبینی ئەوا لە باپیری باپیری باپیرتەوە بۆم بەجێماوەو تەمەنی لە 200 ساڵ زیاترە ، بەڵام پێش ئەوەی پێتببەخشم دەمەوێت بیبەیتە دوکانی کاتژمێرفرۆشێک و پێی بڵێیت دەمەوێت بیفرۆشم ، بزانە چەندی پێدەدات ؟
کوڕەکە ڕۆیشت و دوای ماوەیەک هاتەوەو گوتی :- وەڵا باوکە گیان تەنها 5 دۆلاریان پێدا و گوتیان ئەو کاتژمێرە زۆر کۆنە و لەوەندە زیاتر ناکات.
باوکەکە گوتی :- زۆر باشە کوڕی خۆم ، ئەمجارە بیبە دوکانی ئەنتیکە فرۆشێک و بزانە چەندی پێدەدا ؟
کوڕەکە ئەمجارەش ڕۆیشت و دوای ماوەیەک گەڕایەوەو بە سەرسوڕمانەوە گوتی :- وەڵا باوکە گیان 5000$ هەزار دۆلاریان بەو کاتژمێرە کۆنە دا...!
باوکەکەش گوتی :- ئەمجارەیان بڕۆ بۆ مۆزەخانەیەک و کاتژمێرەکە بۆ فرۆشتن نمایش بکەو بیخە مەزادەوە بزانە چەندی پێدەدەن ؟
کوڕەکە ڕۆیشت و دوای ماوەیەک بە دڵخۆشی گەڕایەوەو گوتی :- باوکە گیان نرخی ئەو کاتژمێرە کۆنە گەیشتە 1000000$مليۆن دۆلار....!!!
باوکەکە گوتی :- کوڕی خۆم دەمەویست ئەوەت فێربکەم ، کە مرۆڤەکانیش هاوشێوەی ئەم کاتژمێرە نرخیان لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت و تەنها شوێنی دروست دەتوانێت نرخی ڕاستەقینەی تۆ دیاری بکات ، هەربۆ لەهەر شوێنێک زانیت نرخت نییە و کەس ڕێزت لێناگرێت ، ئەوا دڵتەنگ و توڕە مەبە و یەکسەر بزانە کە تۆ لە شوێنێکی هەڵەدایت و لەسەرت پێویستە ئەو شوێنە بەجێبهێڵیت و چیتر کاتەکانی خۆت لەگەڵیان بەفیڕۆنەدەیت.
"هەر کەسێک نرخت بزانێت ، ئەوا ڕێزت لێدەگرێت ، هەرگیز لە شوێنێک مەبە کە شایەنی تۆ نییە ..
@mzravilka
#دانپێدانان_هەڵبڕاو
50
#✍ناسرای کخاتووزین
بە منداڵی زۆرجار لە گوندی حەمامیان دەچووم بۆ بینینی شەڕەسەگ. حەمامیان گۆڕەپانێکی تایبەتی شەڕەسەگی لێ بوو کە پێشتر پایەگای پاستاڕ و شت بوو پێشمەرگە ڕووخاندبووی. زۆر کەس لە دوور و نزیکەوە سەگیان دەهێنا و لەوێ مەرجیان لەسەر دەکردن و بەشەڕیان دەدان!
وشەیەک کە بۆ هاندانی سەگەکان زۆر بەکار دەهات، وشەی "گلدە" بوو. گلدە گلدە گلدە گلدە...
سەگەکان کە گوێیان لە وشەی گلدە دەبوو سەت هێندەی دیکە هار دەبوون و پەلاماری یەکتریان دەدا. ئەمشەو کە لە مانای وشەی گلدەم کۆڵییەوە ئەم بەسەرهاتەم وەبیر هاتەوە.
لەو نێوەدا تەنیا خاوەنی سەگەکان خەمی سەگی خۆیان بوو. خەڵکەکە کە بۆ سەیر و سینەما هاتبوون، تا کاتێک لایەنگی سەگێک دەبوون کە ئەو سەگە نزیک لە بردنەوە بوایە. هەرکە هەمان سەگ لێ دەکەوت و بەرە و دۆڕان دەچوو، هەموو ئەوانەی چەند چرکە پێشتر گلدەگلدەیان پێ دەگوت و بابیان بە قوربان دەکرد، جنێویان پێ دەدا و دەبوونە لایەنگری سەگەکەی دیکە کە تاوێک لەوەپێش دژی بوون و ئێستا وەسەر کەوتووەتەوە.
ئەو سەگەشی دەیدۆڕاند لەلایەن خاوەنەکەیەوە تێیهەڵدەدرا و چیتر نەیدەویست.
کاتێک سەیری شەڕی ئیسڕائیل و فلستین دەکەم، بەخۆم دەڵێم دەبێ خاوەنی ئەوانە کێ بن؟ بڵێی کێ بن خەریکن بەشەڕیان دەدەن؟ تۆ بڵێی ئەو خەڵکەی کە گلدەگلدە بە ئیسڕائیل و فلستین دەڵێن، ئەگەر یەکیان نزیک لە بردنەوە بوو نەبنە لایەنگری براوەکە؟
ساڵێکی دەچووم بۆ حەمامیان، لە جیبێکدا بەغەڵدەستی شۆفیردانیشتبووم. ئاوڕم داوە ڕۆحم چی. لە پشتەوەی جیبەکە کابرایەکی هەوشاری، سەگێکی زەبەلاحی هەوشاریی سوار کردبوو و دەیبرد بۆ حەمامیان بۆ شەڕەسەگ. زۆری بە شان و باهۆی سەگەکەیدا هەڵگوت، تامەزرۆ بووم بگەینە جێ و شەڕەسەگەکە ببینم. سەگەکە سەگێکی دەمڕەشی زۆر کەتە بوو، نەتدەوێرا چاو لە چاوی بکەی.
گەیشتینە حەمامیان و گۆڕەپانی شەڕەسەگ لەچاوترووکانێکدا پڕ بوو لە خەڵک.
سەگیان تێکبەردا. سەگی بەرامبەری سەگە هەوشارییەکە، سەگێکی گورگخنکێنی بۆری ئاغای دێ بوو.
سەگی ئاغای هەر لە هەوەڵەوە حاڵی شڕ بوو. چی وای نەمابوو کلکی لەنێوگەڵی بنێ و ڕاکات. لەپڕ جەماوەری هاندەر، لەبەر دڵی ئاغای گوندەکەیان وێڕای یەک دەستیان کرد بە قوولەقوول و گلدەگلدەیەک کە سەگە هەوشارییەکە تۆقی.
پێموابێ فەقیرە سەگە هەوشارییەکە لە زمانی گلدەگدە حاڵی نەدەبوو؛ بۆیە سەری لێ شێوابوو و جار لەگەڵ جار لە دۆڕان نزیکتر دەبووەوە. دواجار سەگی ئاغا بردییەوە و سەگە هەوشارییەکە دۆڕاندی. کابرای هەوشاری لەوێ سوێندی خوارد سەگەکەی لەسەر ئەو دۆڕانە دەتۆپێنێ. سەگە هەوشارییەکە جا نازانم لەبەر ماندوویەتی بوو لەبەر شەمەزاریی دۆڕانەکەی بوو، یان لە هەڕەشەی خاوەنەکەی تێگەیشتبوو یان چی، وەها داماو و سەرکز و ترساو دەهاتە بەرچاو جەرگت بۆی ژانی دەکرد.
کەس لەو خەڵکە بە کابرای هەوشاریی نەگوت نەکەی! چۆن خودا بەردارە؟!
هەرچۆنێکی بوو لەو پاڵووپەستۆیەدا خۆم گەیاندە کابرای هاوشاری و گوتم، خاڵە مەیکووژە بیدە بە من! من دەمهەوێ! کابرای هەوشاری گازێکی لە لایەکی سمێڵە ڕەشکراوەکەی گرت و گوتی: "لاچۆ هەتیوە! ئەو دێڵە دۆڕاوە چی لێ دەکەی؟! هەر شتی حیز حەز لە حیز و دۆڕاوان دەکات!"
چاوم لە چاوە گوناح و پڕ لە پاڕانەوەکانی سەگەکە بوو کە کوتووپڕ کابرای هاوشاری تێڵایەکی ڕاهێڵایە تۆقی سەری سەگەکەی و هەر لەوێ مێشکی پڕژاند. پێموابێ دوایین دیمەن کە سەگەکە دیتی نیگا پڕ لە خەفەتەکانی من بوو!
من لەو کەسانەم هەمیشە لایەنگری دۆڕاوەکانم، ئەگەر سەگی ئاغاش دۆڕابوایە دەبوومە لایەنگری ئەو! بۆ ئەوەش دەتوانم تا بەیانی قسەت بۆ بکەم! هەموو ئەو قسانەشی بۆتی دەکەم، قسەکانی ئەو سەگە هەوشارییەن کە چەند چرکە پێش ئەوەی بیکووژن لە چاومدا کردی!
***ژێدە : کاناڵی تێلگڕامی نووسەر
@mzravilka
خەڵک هەموو وەکوو کتێب وان، ئێمە وەک کتێب دەیانخوێنینەوە؛ هێندێکیان بە مانگێک، هێندێکیان بە دوو مانگ.
هێندێک کەس ساڵێکی دەوێت تا تێیان دەگەین.
قەت خوێندنەوەی هیچکەسێک مەحاڵ نییە.
جاری وایە کەسێک دەخوێنینەوە و کە تەواو بووین دەینێینە نێو دەلاقەیەک،
جاروبارەیەکیش تۆزی یادگاری لێ نیشتوویان لێ دەتەکێنین..
لە دڵی خۆمان هەتا هەتایە هەڵیاندەگرین.. بەڵام بۆچی؟
چونکە دووبارە خوێندنەوەیان کەڵک و چێژەی ئێمەی نییە.
مرۆڤ هەن شیعرن و هیی واش هەن ڕۆمانن.
شیعر هەن و پەخشانیش - خۆت دەزانیت چی بۆ خوێندنەوە هەڵدەبژێریت.
وا دەبێت بۆ تۆ زوو بێت و لە ڕاست هێندێکان لەو ئاستەدا نەبیت کە بتوانیت بیانخوێنیتەوە و کەرەستەی تێگەیشتنیانت وەک پێویستە نەبێت.
دەکرێت جارێ تا دەگەیتە ئەو ئاستە، ڕۆژنامەیەک، نامیلکەیەک یان هەر شتێکی تر بخوێنیتەوە.
کتێب هەن بە مەبەست ڕوون و ڕەوان و بێگرێن..
وا دەبێت هەر لە یەکێکیان کەم بێت کە نێوان دێڕەکانیان بخوێنێتەوە.
وا دەبێت کتێب تێبینی و نیشانی وا تێدا بن کە تۆ نەشێیت پەی ببەیت پێیان.
ئەم دنیای ئێمە، دنیای نهێنی و ڕازانە و ژینی تێدا هەر وەرزێکی دوورودرێژە و پتر نا.
هیچی تێدا ڕواڵەتی یان ڕێکەوت نییە.
لە نێوان دێڕەکان ورد بەوە و بەوردی بیانخوێنەوە.
میخایل ژڤانێتسکی (۱۹۳٤ ــ ۲۰۲۰)
نووسەر و ساتیریستی ڕووس
وەرگێڕان: زیاد ئەسعەد
@mzravilka