مزراویلکە لانکێکی خۆڕاژێنی بەیت و باوی کۆنی دیوەخانانە بە ناردنی قسەی نەستەق و بابەتی فۆلکلۆری گیانێکی نوێ بدەنەوە بەر هەناوی ئەدەبیاتی زارەکی گەلەکەمان پێوەندی لەگەڵ ئەدمین: @MradBapirpour @rahmani_138
وچانێک لە خەزێنەی فۆلکلۆر
لەزمان ژنانەوە...
باڵام بە باڵات بەقەت گەنم و جۆ
خۆت ماندوو مەکە من نادەن بەتۆ
کراسی بەرت گوڵ گوڵ پیوازی
خۆ من نەمردووم تۆ ژن دەخوازی
بن دار و بن دار بن دارە بووزە
مێردت پێناکەم کاکۆڵ بەکڕووزە
کەوا پاتۆڵت ڕەشی مسقاڵی
بێنە بۆت دەشۆم بێ ژن و ماڵی
درێژە لە پۆستەکانی دواییدا...
@mzravilka
#دەست نووسەکانی خاتوون یووکابێدمام عەزیزی
بە منداڵی پێم وابوو کچ ئەگە سەری ڕوت بێ و کراسی تۆڕ دەبەرکا یان نا شاڵواری لی و کەوشی بێ گۆرێ دەبەرکا جوانە دەنا هیچ ڕێگای دیکە بۆ جوان بوونێ نیە. جا خانێ ( پیرانشار) جوانی بۆ من تێدانەبوو. هەرچی هەبوو بە سەر و هەنێ هەڵنەگیراوی کراسێکی قەسری فشەڵۆکی بە سەر خۆ هەڵدەکێشا و لێچکەیەکی لە قوڕقڕۆچکەی خۆی توند گرێدەدا. بۆ دەرێش مانتۆ هەر نەبوو، ئەگەر هەشبا جەواڵی کای. شاڵواری بن مانتۆش هەمووی پارچەیی بوو و داو و دەلینگێکی شڵدم شڵدم بە سەر کەوشی تەورێزی پانێ سێ سانتی لێو کەت دا دەهاتە خوار. لە شاییەکانیش ئی یەک دو ماڵان نەبێ ئەوی دەدی هەمووی کیژۆڵەی شەرمێون، شەرمێون، بە کراسی ئەستور ئەستوری ئاستەڕ تا جومگەی دەستان و ئاواڵ کراس تا خوار گوێزینگان داکێشراو و سەر و سەکوتی داپۆشراو و سوراوسپیاوێکی نابەڵەد کراو لە زار دەرکێ هەڵدەکورمان.
دەهۆڵ و زوڕناچی یا قامبێژ بە دەگمەن بانگهێشت دەکرانە مەجلیسی شایی خانەییان، زۆر زۆر ماڵە زاوای ئەگە ئیستریۆیەکیان هەڵکردبا یا نەکردبا. ئەویش ئەگەر مەلای مزگەوتێ دڵی نەئێشابا و گەورەی ماڵێ دم و لوتی تێک نەنابا و عەقرەبای ئیشکە موسوڵمان بە سەد دەهۆیان بەڕێکرابانەوە مزگەوتێ، کڵاو چەرخانێک تا بووک دادەبەزی داوەت دەگەڕا.
تاقانە کوڕی ماڵە مە کاکەلە بوو. باڵا بەرز و کاکۆڵ نەختێک لول و لا جایینگ سپی و سەروچاو پان، جوان چاک بوو. ساڵی ۷۱ دەرچوو بۆ زانکۆی تەورێز. چوار ساڵی زانکۆی کاکەلەی ، نەنکم هەر کوتی ئەگەر بژیم بمێنم بووکت بۆ دابەزێنم، دەسرەی سەمای کیژۆڵان حەسارێ بخرۆشێنن، گرمەی پێی کوڕە لاوان ئەستوندەکان بجوڵێنن، دایکم بۆی دەستاندەوە ئەگەر بژیم بمێنم بووکت بۆ دابەزێنم، نوقڵ و پوڵ و شیرینیم سەربانان بلەرزێنن...
چوار ساڵی زانکۆی بە سەر چو. بووکێکی زۆر جوان نیشان کرا، بووکێکی چاو شینی قژ کاڵی، لێو ئاڵی باڵا عەرعەری.
وەعدی بووک گوێستنەوەی داهات.
گەورەی ماڵە مە هێدی و هێمن بوو و خۆی دەکاری هەڵپەڕکێی جحێڵان هەڵنەدەقوتاند. عەقرەبا ئیشکە موسوڵمانەکەشمان پاشی نانی بووکێ خورا، هەرچۆنی بوو ڕەکێش کرابۆوە بۆ مزگەوتێ، ئاگاداری مەلاش نەبوومە داخوا دڵی ئێشابێت یان نا بە گەڕی داوەتی حەساری عەزیزی فەقێ ڕەسووی.
کچە خزمی نیزیکی خۆمان، زۆربەیان مێرمنداڵ بوون و حیسابی شاییکەریان بۆ نەدەکرا دەنا ئی سوور و سپی ناسکۆکەیان تێدابوون. شۆڕەژنی لەباریشمان هەبوون، یەکیان دایکی خۆم بەڵام لە بەر غارغاردێنێ هێندە دە فریای داوەتێ نەدەکەوتن. دەر و جیرانیش سێ چوارێک نەبێ ئەوی دی زۆربەی لە قاپی خودای بێ نەسیب ببوو.
هاو زانکۆیی کاکەلەی، حەوت هەشت شۆڕە لاویی قیت و قۆز بون لەو شارانەی دەور و پشت ڕا هاتبوون، کۆڕە جحێڵەکانی خزم و ئاشنای خۆشمان ئی ڕەشید ڕەشیدی تێدا بوو.
داوەت بڵێم نەدەگەڕا، دەگەڕا بەڵام بە خاوی. میوانی شاران چاویان بە ئاستەم دەگێڕا و خۆیان لە بەر ڕاوان مات کردبو، بەشقەم دۆیەک بێتە دیلانێ و دەستێک بگوشرێت و ڕانێک لێک خشێت. جحێڵی خزمانیش چاوە چاویان دەگەڵ کچی گەڕەکێ بوو ها بەشقەم یێک بیگرێ و جێژوانێک و ڕامووسانێک لە قوژبنێکی ئەو قەرەباڵغییەی دەسکەوتیان بێت.
کچانیش پۆل پۆل یا لە بن دیوار و زار دەرکان قریتە قریت و ورتەورتیان بوو و چاوبڕکێنیان دەکردەوە و دمیان پەل دەکردەوە یا سەریان دەقالان خستبوو مانا ها سەنگینین یا دەگەڕی خاوی داوەتێ دا دەوریان دەداوە. شۆڕە ژن هەر یێکە و بە مستێک نوقڵ و مینۆوە و جوامێر بە گیرفانە پوڵی شەق دەهاتن و دەچون لە حەساری بە چاوەڕوانی گەڕانەوەی بووکنیچیان.
ئەوەندەم زانی، وڵات شڵەژا و نیگاکان هەموو بۆ سوچی حەسارێ چون، کوڕیژگە واقیان وڕ مابوو و بۆ چرکێکیش چاویان نەدەتروکاند، کچ بە نەقورچان یێکتریان ئاگادار دەکردەوە و قامکیان بۆ سوچێکی ڕا دەداشت.
داوەت گشت ببو، جەعفەری باجە خاتونێ چۆپی دەکێشا، دەسرەی دەبردە سەر سەری و خێرا خێرا دەیهێناوە خوارێ، شانی با دەدا، دەچۆ نێوەڕاستی حەسارێ و پشتاو پشت و دەگەڕاوە سەر چۆپی، شان بە شانی چۆپی، عەزیزی باجە هاجەری سەردەشتێ مەودای کەم دەکرد تا دەگەڵ لاقی سێ پێیی گرمەی چاتر لێ بێنن. دایکم لە جەرگەی داوەتێ دەگەڵ محەممەدە سورەی هەڵیدەخستەوە، بابم دەدەستی زارا جوانێ دابوو و سی و دو ددانی لە شایان دەبژێردرا، ئامۆژنە زێنەب و باجە ڕوقیای شۆخ و شەنگیش هاتبوونە داوەتێ، ئومیدی باجە جەمیلەی دەسرەی گاوانی چۆنی جوانە ئەوای بادەدا و بە خرۆشەوە دەگەڵ چۆپی تێکەڵ دەبۆوە و هەموو تێکڕا بە گرمەی پێی سێ پێیی تۆزیان بڵیند دەکرد.
پێم وابوو ئەو وروژانە دەبی بووک دابەزین بیت بەڵام وا نەبوو.
ئەو وزەی دەداوەتێ گەڕابوو، سنور بە هاتنی خۆی بۆ حەسارێ بڵاوی کردبۆوە. سنور کچە میوانی ماڵە جیرانمان بوو و شاگرد میوان هاتبۆ شاییە.
درێژە...👇👇👇
#د نگین جەعفەر
هەموو ئەو شتانەی کە دەیانبینین، ئەو بەرکەوتنانەی کە هەمانن هەموو کات ڕاستیەکە/ ڕاستیەکان نین.
ئەم نوسینەم لە پێگەیەکی ئینگلیزی خوێندەوە و پێم خۆشە لەگەڵ ئێوە بەشی بکەم.
“درۆ بە ڕاستی گوت: با پێکەوە خۆمان بشۆین و مەلەیەک بکەین، ئاوی بیرەکە زۆر خۆشە.
ڕاستی گومانی هەبوو و متمانەی تەواوی بە درۆ نەبوو، ئاوەکەی تاقیکردەوە و بۆی دەرکەوت ئاوەکە بەڕاستی خۆشە.
بڕیاری دا خۆی لەگەڵ درۆ ڕووت بکاتەوە و دەستیان کرد بە خۆشتن و مەلە کردن، درۆ لەناکاو لە ئاوەکە بازێکی هەڵدایە دەرەوە و هەڵهات و جل و بەرگی ڕاستی دزین و لەبەری کردن.
ڕاستی بە تووڕەییەوە لە ناو ئاوەکە هاتە دەرەوە و بەوەی زانی کە درۆ پۆشاکەکانی دزیووە، بە جەستەی ڕووتەوە سۆراغی پۆشاکەکانی دەکردن و دەیویست وەریان بگرێتەوە. لە کاتی گەڕان بەدوای پۆشەکەکانیدا بۆی دەرکەووت مرۆڤەکان و جیهان بەرگەی بینینی جەستەی ڕاستی ڕووت و قووتیان نەییە. دەستیان کرد بە سووکایەتی پێکردن و هەراسان کردن و شەرمەزارکردنی ڕاستی؛ مرۆڤەکان پشتیان تێ کرد وە تۆمەتباریشیان کرد، پێیان دەگووت تۆ کەسێکی تێکدەر و یاخی.
جەستەی ڕووتی ڕاستیان پێ هەزم نەدەکرا.
ڕاستی داماوو و فریو دراو گەڕایەوە ناو بیرەکە، بۆ هەمیشە خۆی وون کرد و خۆی شاردەوە لە مرۆڤەکان.
لەو کاتەوە درۆ بە جیهاندا دەگەڕێت و ڕادەکات، جل و بەرگی ڕاستی لەبەردایە، کۆمەڵگاش بێ ئاگا و ناهۆشیار و دڵخۆشە، چونکە جیهان و مرۆڤەکان هیچ ئارەزووی ناسینی ڕاستی ڕووتیان نییە و نەماوە.
@mzravilka
#✍مامۆستا لەتیف هەڵمەت
لەتیف هەڵمەت گەیشتە لوتکەی شیعری کوردی ئیمڕۆ بەم هەڵبەستە:
(تکا لە هەموو کوردێکی کەرکوک ئەکەم ئەم هەڵبەستەی لەتیف هەڵمەت بڵاو بکاتەوە
"""""""""""""""""""""""""""""
زیندەگینامەی کەرکووک / مەرگنامەی داگیرکەران
جاران هەموو ڕێگاکان دەچوون بۆ :
بانە
ئێستا گشت ڕێگاکان دەڕۆن
بۆماڵی مامە ڕیشە لە :
کەرکووک
ئەگەر خوای مەزن
بچوایە بۆ میوانی خۆشەویستانی خۆی
دەچوو بۆ ماڵی
ئازاد هەورامی لە :
کەرکووک
ماڵی کەس نیە کەس .. کەس
تاپۆکەی لە گیرفانی
کامیلی مەلا وەیسی دایە :
کەرکووک
خوای مەزن
سێ جار گریاوە
یەکەم جار بۆ :
هەڵەبجەی کیمیابارانکراو
دووەم جار بۆ :
ئەنفالکراوەکان
سێیەم جار بۆ :
ئاوارەکانی
کەرکووک
خوای مەزنیش
بەکوردی قسەدەکات
کاتێ کە دەچێ بۆ :
کەرکووک
خوا ئەگەر
لە ئاسمان بێزار ببێ
بە جبرەئیل دەڵێ
عەرشەکەی بۆ گوێزێتەوە بۆ :
کەرکووک
خوای مەزن
دووجار نەفرەتی کردووە
یەکەم جار لە ئیبلیس
دووەم جار لە :
بەرپرسەکانی
کەرکووک
لە :
حزب و مزب بێزارە بێزار بێزار
تەنها و تەنها
ناسنامەی کوردستانی لە گیرفاندایە
کەرکووک
زستانان کە ئاوی خاسە هاژەی دێ
ئاو نیە
خوێنی شەهیدەکانە
گۆرانی دەڵێ بۆ :
کەرکووک
هەموو بڵێسە ئاگرێک
شەهیدێکە بە چرایەکەوە
بۆماڵەکەی جارانی خۆیان دەگەڕێ لە :
کەرکووک
لە ژمارەی هەموو نەتەوەکانی عێراق
زۆرترن
ژمارەی شەهیدەکانی :
کەرکووک
ئەگەر دەمی ببوایە
تفی لە هەموو بەرپرسێکی
نەوت دز دەکرد
کەرکووک
ئەگەر خوای مەزن حەزی لەگۆرانی بوایە
دەچوو گوێی لە گۆرانی (شەرتە تا ڕۆژی حەشر ) ی
عەلی مەردان دەگرت لە :
کەرکووک
لە باوباپیرانمم بیستووە
مردوو زیندووبۆتەوە
کە شۆردراوە بەئاوی :
کەرکووک
لە هەموو ئەستێرەکان
جوانترن
ئەستێرەی ئاسمانی :
کەرکووک
ئادەم و حەوا
کەلە بەهەشت دەر کران
چوون بۆ :
کەرکووک
واڕاهاتوین
کە دەبین بە وێنەکێش
سەرەتا لە سەر دڵماندا
دەکێشین وێنەی :
کەرکووک
لەو چیاو گردۆڵکانەدا
گوێم لە دەنگی هەزاران شەهیدە دەڵێن :
ئێسک و پرووسکەکانمان ببەنەوە بۆ :
کەرکووک
بە زیندوێتی و
بە مردوێتی
هەر شەهیدن
شەهیدن خەڵکی :
کەرکووک
وڵاتی بەرپرسە بازرگانەکان نیە
وڵاتی شەهیدەکانە
کەرکووک
دەکرێ ناوی شەقامەکانی
بگۆڕدرێ
بەڵام ناکرێ
ناکرێ
ناکرێ
لە یاد بچێ ناوی شەهیدێکی :
کەرکووک
ئەی خوایە گیان
من نە دەوڵەمەندێتیم لێت دەوێ
نە وەک هەندێ لە زانایانی ئاین
لێت دەپاڕێمەوە ببم
بە ئەندام پەڕلەمان
هەموو نزایەکی من ئەوەیە
توانەیەکم بدەیتێ
جوانترین شیعر بنووسم بۆ :
کەرکووک .......
نات کووین و قامک!
ئەو ڕۆژانە لە سایەی سەری تێلێگڕام، بازاڕی قامکان لەوپەڕی خۆیدایە.
پێشینیان دەڵێن شەڕ لە بێکاری چاترە.
بەڵام ئەوجار ئاشت بوونەوەی ئەنگوست و مۆبایلە!
قامکی بەستەزمان کوێرەوەری زۆرن وەکوو:
پشت خوراندن، سەرخوراندن، ئەنگوستیلە و شتی تریش....
لە سەدەی فڕین و تەیارە و سەیارە، تێپەڕیوینو پازن داوە.
وەژوور چاخی تۆڕی کۆمەڵایەتی و بازاڕی قەوغای پاڤێڵ دۆرۆفی کەوتوین.
بازاڕی حەمەخرچەی ساوڵاغ و فەلەکەی سەردەشتی خانێ، دەسکان لە دوو قامکە بازاڕی ناکەن.
قامکەکان وا وەخۆکەوتوون بیلامانێ، بیلاتەژبی...لە بۆ پێشاوێش مەعتەل بووین!
چوونکە سەرن بچی! نابێ قامکن بە بزاوی لەسەر گوشی لا بچی...
لە کاتی راوەستان، نانخواردن، سەفی نانی، نوستن، قسەکردن، سەرەخۆشی، سەرداوەت، سەردان،
هەر قامکەو دەبزوون و هەدادانیان نیە.
دوای نوێژیش تەسبیحات بە قامک و مۆبایلی دەکرێ، دەسحێبی ماڵوێران خانەنشین کراوە.
((هەڵێنجانی ئەرزی دیجیتال قامکی بە وەجی دەوێ، ڕەنجی شەو و ڕۆژی دەوێ))
لێو نەشارمەوە، لەو نێوەی دا، هەر منداڵ و پاڵ خەریک نین...
حاجی و شێخ و مەلا و پیرەژن و پیرەپیاویش
هەڵبەزهەڵبەزیانە و خەریکی قامک کوتانن.
ئاوا بچینە پێش قامکن وا بەقەوەت دەبن رۆستەمیش پێن ناوەستێ!
گرینگ ئەوەیە بێکار نەبی.
بەڵان پشت خورێنو لەبیر نەچێ.
خوڵا دەوامێو بدا.
عەبدوڕەحمان _ ئەحمەدی.
لە کاناڵی دانش و بیداری وەرگیراوە
@mzravilka
#لانەواز
تانووت(ثَرذَنِش) و گلەی دایکی وەتەن لە نەتەوەی خۆی
کاری لە دڵم کرد و پەرۆشم بوو گەلێ بۆی:
کورد ئێستە هەویری لمە، زەحمەت کە بخووسێ
پێزی نیـە، سنخواردووە، چۆن پێکەوە نووسێ؟
:
ئەم کوردە بەجەرگە کە لە تیر چاونەترووکێن
بۆ زارەتەرەک؟ ئێستە دەتۆقێ لە هەلووکێن!
:
وەک بزنی بەرەڵڵا یەکی ڕووی ها لە شــوێنێ
گەر دوو بگەنە یەک شەڕەقۆچ خۆی دەنوێنێ
:
لێکدی دەکوژن، لێکدەدزن، لێکدەفـڕێنن
گەر کۆمەڵیـان کەی بە شریت ئەیپچڕێنن٭
٭واتە: کوردەکان لەنێو خۆیاندا ئەوەندە ناکۆک و ناتەبان، ئەگەر ڕیزیان بکەیت و بە شریت پێکەوەیان ببەستی ئەیپچڕێنن و یەک ناکەون...😰
مامۆستا #مەلا_محەمەد_چروستانی[ 1963_1894]
سەرچاوە: دیوانی شاعیر
@mzravilka
#خاڵەقازی
کوێخا ڕەسوڵ هەڤدە منداڵی هەبوو ،دوازدە کوڕ و پێنج کچ،،نەیهێشتبوو خات زڵەخای ژنی یەکساڵیش بحەسێتەوە،زیاتر لە سی و دوو ساڵان خازڵەخا،هەر بە ئاوس بوون و منداڵ بوونەوە بوو،،دەگەڵ ئەوەش دا ،،خازڵەخا بەیانیان پێنجی بەیانی هەڵدەستا ومانگای دەدۆشین و دوایە گاڕانی دەردەکرد،تەویلەی دەماڵی و قەدیم بە سەوەتەی و لەم دوایانەش دا بە فەرغوونی ڕیخەکەی دەبردە پشت ماڵێ دەیڕشتن، ئینجا دوو دەبەی دەبردن لە کانی ڕا ئاوی دێنا و دە مەشکەی دەکردن و سەماوەریشی لێ پڕ دەکرد و ئاویشی دە ئەفتاوەیەکی مسی زەرد دەکرد و تونگەیەکیشی دادەنا بۆ ئەوەی کوێخا ڕەسوو دوای دەست بە ئاو گەیاندنێ دەست نوێژی پێ هەڵگرێ و نوێژی بەیانی نەچێ،،،دەستی دەکرد بە مەشکە ژاندن و کوێخا ڕەسوو هەڵدەستا و یەکەم قسەی ئەوە بوو ،تەواو نەبووی لەو شڵقە شڵقەی؟
کوێخا بە پەلەپەل دوو ڕەکعەت نوێژی بەیانی دەخوێندو دەبوایە تەواو لە نوێژی نەبوبێتەوە کە چایەکیان بۆ بردبا و موجاعمەیەک نان و پەنیر و ڕۆن و ماست و چایەکی شیرنیشی لەسەر بۆ چوبا ژوورێ،،،،خازڵەخا لە مەشکەی دەبۆوە و دەستی دەکرد بە هەویر شێلان و ئاوردانی تندووری تەپاڵان،دەبۆ چڕە دووکەڵ و چاوکانی گوڕ گوڕ ئاویان پێدا دەهاتە خوار،،هەتا قاوەڵتوونێ لە نان کردنێ دەبۆوە و جا وەرە بە منداڵان ڕابگا و خۆ سازکە بۆ چێشتی نیوەڕۆیە،،،،تەواوی ئەو ماوەیە خا زڵەخا دوعا و توک و نەفرینی لە کوێخا ڕەسوو دەکرد و هەتا منداڵ هەڵدەستان ،ئینجا ڕووی دوعا و نەفرینانی لە منداڵان دەکرد و سەر و بابانیانی دەقوڕێ دەنان،،
ساڵ و مانگ تێپەڕین و ئەو ژیانە هەر ئاوا بەردەوام بوو و منداڵ وردە وردە گەورەتر و گەورەتر دەبوون،،مەحمودیان هاوتەمەنی من بوو لەوانە بوو دوو سێ ساڵ گەورەتر بێ،،،ڕۆژێکی کوتی وەرە بچینە مەزرایە،،دەگەڵی کەوتم و دوو گوێدرێژی وەپێشە خۆی دابوو و شوڵێکی پێ بوو جار و بار لە تێڕی کەرەکەی دەدا و دەیکووت ،،،هەچە بابم،،هەچە بابم
کوتم مەحمود ئەو هەچە بابمەت لە چێ؟؟ کوتی خۆ ناڵێم هەچە بابم،،دەڵێم هیچە بابم،،هیچە بابم،،،،پێکەنین گرتمی ،،کوتی نازانی دەردم چێ؟
کوتم نا
کوتی ئەوە کەوش و کەوای منە
دۆینێ پێرێ بابم گوێلکێکی وەپێش خۆی داو یەکسەر بردی بۆ خانەقای شێخی ،،،،،،،،،، وەک دیاری و لەولای ڕا دەست لە گونان درێژتر هاتەوە و پەڕۆیەکی شینی چکۆڵەی هێنابوو دەیکووت ئەوە تەبەڕووکی شێخە،زڵەخا ونی نەکەی
ئەوەش وەزعی من و دایکم و منداڵەکانە
توخودا ئەو گوێلکەی بۆ مە فرۆشتبا چاتر نەبوو؟؟؟
یشوڵێکی دیکە لە کەرەی دا و کوتی یاڵا بابم توندتر
هەچە بابم دەی بڕۆ، هەچە بابم
@mzravilka
#کوڕۆجە
لەوەتا بەزمی دەرهێنانی ئەرزی دیجیتاڵی بە موبایل داهاتووە، هەموو کایەکان بێ ڕمێن بوون و ئینستاگڕام بێ هەواڵ ماوە و نووسەران و شاعیرانیش لەمە بەدوا مەگین ئینتێڕنێت ببڕدرێت دەنا ئاوڕ لە شێعر و نووسین نادەنەوە.هەڵبەت لەم بێ کاسپی و بێ بازاڕییەدا ئەشتەکی خراپ نییە. بەڵام لە نوێژی هەینیدا کە
نۆرە دەگەیشتە موتەڕیجیم مامۆستا بە قامکان دندووکی لە موبایلەکەی دەکوتا، چما ئەرزی هەڵدنجی.نوێژکەران لە کاتی مۆعیزە و حەدیس خوێندندا هەر لە موبایلەکەیان دەکوتا. جاران خەڵک بە یەکیان دەکوت: تاعەت قوبووڵ یان وەرگیرێ یان..... ئەمێستا دەڵێن چەندی؟ نایفرۆشیی؟ و....،
نانەوای گەڕەکی ئێمە ئەمڕۆ نانەواخانەی هەڵنەگرتبوو، هەرچی زەنگیشیان بۆ لێ دا وەڵامی نەدایەوە. ناچار چەند کەیخودا چوون دەرکەیان پێگرت. شاتر کوتی: نان بێ نان. لە توێڵم نووسراوە من کەرم!. بەو گەرمایە دێمە بەر تەندوور و تۆزی ئارد؟ بۆ لەبەر کوولێر لاق ڕاناکێشم و ئەرزی کاسپی بکەم!
هێندێ لە شوانەکان دانیشتوون و بڕیارە لە سەری مانگڕا ئەوانی دیش دانیشن دەڵێن کاری ئەرز قازانجی پترە. فێرکارێکی فێرگە دەیکوت: منداڵەکان نیوەیان بۆ ئازموون نەهاتبوونەوە و خەریکی ئەرزن. لە هەموو سەیرتر فێرکارەکانیش نەهاتبوون. بەڕێوەبەر دەیکوت: بە تەلەفوون کوتوومە بۆ نایەنەوە؟ دەڵێن غەیبەتمان بۆ دانا نێی! چش! ئەوەی لێمان کەم دەکەنەوە بە دوو کاژێر تێی هەڵدێنینەوە. کارمەندێکی دادگا دەیکوت: دادگا چۆل و هۆلە خێزانەکان پێیان ناکرێ بەشەڕ بێن، بۆخۆیان ئەرز دەردێنن.ئێستا خەسووی بووکەکان وەقەدر کەوتوون. بووکە خان دەڵێ: دایە خانم گیان وەرە ئاگات لە منداڵەکان بێ و کەوچکێ چێشتیشمان بۆ لێنێ دەستاوی تۆ خۆشە. - پێشووش دەستاوی خەسووی نەدەخوارد دەیکوت چێشتەکانی بێ کلاسن - و .....
لە خوازبێنییەکدا بابی بووک بە زاوای دەکوت: چەندت ئەرز دەرهێناوە؟ کوڕەش کوتی: پێم ناکرێ. من کارمەندی دایرەی گوڵەبەڕۆژەم .بابی بووک کوتوویە بە چاوەکانی شێخ ئەولقادر ئەو خزمایەتییە سەر ناگرێ. جا چۆن ئەرز ئیستخراج ناکەی. کابرایەکی گاڵتەچی دەیکوت: وەک چۆن لە مارەبڕیندا بووک و زاوا دەچنە سەر بڕوای حەنەفی، ئێستاش دەبێ ئیمامی ئەرزیش دروست بێ بە پێی ئەرز مارەیی و دۆدی و بۆدی تر دەستنیشان بکەن.
دنیا دەوران دەوانە. هەرتاوێ بەزمێ دەگێڕێ ئێستێ بەزمی ئەرز دەرهێنانە.!!!!
@mzravilka
🌷هەرکات کتێبت کردە هاوڕێی خۆت
کام کێشە سەختە ئاسان دەبێ بۆت
"م ڕزگار"
🔴 بەیانی ژمارە ٣٤ تایبەتی مانگی گوڵان لە ١٦٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە
🔹 فایلی تایبەتی ئەم ژمارەیەی بەیان بۆ # فیلم و سینەما و شانۆی کوردی تەرخان کراوە. جیا لەوەش چەندین وتاری مێژوویی و فەرهەنگی و پەروەردەیی و زانستیشی لە نووسەران و توێژەرانی کورد، تێدا بڵاو کراوەتەوە.
🔹گۆڤاری "بەیان"، گۆڤارێکی فەرهەنگی کۆمەڵایەتییە بە ڕوانگەیەکی ڕۆشنبیرانە، نیشتمانی و نەتەوەییەوە، دەستەی نووسەران بەڕێوەی دەبات و بە چوار دیالێکتی زمانی کوردی(کرمانجیی سەروو، کرمانجیی خواروو، هەورامی و کەڵهوڕی) و زمانی فارسی وتار و بابەت بڵاو دەکاتەوە.
🆔@beyangowar
➖➖➖➖➖➖➖
🆔@GBHewraman
#لە ئیستۆری بەڕێزکدا نووسرابوو:
"کەرێک" لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا نووسی:
"نازانم چەندە تێپەڕیوە بەسەر کۆچی شێردا، بەڵام لە کۆتاییەکانی تەمەندا، گەیشتمە ئەو بڕوا و ڕاستییەتاڵەی، کە دیکتاتۆرییەتی مام شێر، زۆر باشتر بوو لە ئازادیی و بەڕەڵڵایی سەگەل و مەیموونەکان، هەر هیچ نەبێت شێر نەیکردینە کۆیلەی خۆی، بەڵکوو پارێزگاریی لێ ئەکردین لە مەیموونەکان کە نیوەی دارستانەکەی فرۆشتین بۆ مۆز، نیوەکەی تریش سەگەکان فرۆشتییان بەرانبەر بە لەتێ ئێسقان." !!
@mzravilka
#م هۆگر
وەستای ئەو کارە#بانۆک دەست دەباتە زێی بزنەکە و دەستی لە بێچۆکە هەڵدەسوێ و پاشان خوێی پێدا دەکا و دەگڵ بزنەکەی دە دیوێکی تاریکیان دەکرد و پشیلەیەکیان دەباڵ داویشت بزنەش لە ترسان هەر بێچۆکەی دەلێسێتەوە و هەڵیدەگرێتەوە
لە کۆڕی زایەڵە وەرگیراون.
@mzravilka
#کاکە_میرزا
کاک مەحموود خەڵکی دێهاتەکانی دەڤەری لاجانێی پیرانشار بوو، بە جەعبە سێوی لە سەردخانەی ڕا دەبردەوە بۆ ماڵێ کەچی منداڵەکانی دەمیان لێ نەدەدا و میوەی دیکەشیان وەک هاروهاجان دەخوارد ئەوە چییە بۆخۆیان باغی سێویان هەیە و لایان سووکە.
کوتی ڕۆژێکی لەبەر گرانی میوەی دیکە ڕقی لە منداڵەکانی هەستابوو، کفری هاتەدەرێ و وا دەکات:
منداڵەکانی من سێو دەیەخچاڵێدا دەڕزن دەمی لێ نادەن، باشە توغڵا ئادەم و حەوا لەسەر سێو خواردنێکی بۆ ئەو خەڵکیان تووشی ئەو نەهامەتی و چەرمەسەرییەی کرد!؟!
👉@mzravilka👈
🌷هەرکات کتێبت کردە هاوڕێی خۆت
کام کێشە سەختە ئاسان دەبێ بۆت
"م ڕزگار"
🔴 بەیانی ژمارە ٣٤ تایبەتی مانگی گوڵان لە ١٦٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە
🔹 فایلی تایبەتی ئەم ژمارەیەی بەیان بۆ # فیلم و سینەما و شانۆی کوردی تەرخان کراوە. جیا لەوەش چەندین وتاری مێژوویی و فەرهەنگی و پەروەردەیی و زانستیشی لە نووسەران و توێژەرانی کورد، تێدا بڵاو کراوەتەوە.
🔹گۆڤاری "بەیان"، گۆڤارێکی فەرهەنگی کۆمەڵایەتییە بە ڕوانگەیەکی ڕۆشنبیرانە، نیشتمانی و نەتەوەییەوە، دەستەی نووسەران بەڕێوەی دەبات و بە چوار دیالێکتی زمانی کوردی(کرمانجیی سەروو، کرمانجیی خواروو، هەورامی و کەڵهوڕی) و زمانی فارسی وتار و بابەت بڵاو دەکاتەوە.
🆔@beyangowar
➖➖➖➖➖➖➖
🆔@GBHewraman
#خلەی برای بلە
هەر لە ڕۆژی ئەزەلەوە قوڕی مرۆڤ لە گشت خاکێ چێ کراوە. چونکێ کەس لە کەس ناچێ و خووی کەسیش لەوی تر ناچێ. دەبینی:
بەژن و باڵا و قیافەی جوانی هەیە بەڵام ئەسپێ لە گیرفانیدا سەوزەڵێ دەڵێ. یان خۆی مردەلۆخەیەکە ژنێکی بەژن زراڤی هەیە و هێشتا لووتیشی پێدا ناهێنێ. کابرایەکی باڵابەرزی جوانچاک لەگەڵ ژنە مەیموونەکەی هاتنە دووکان. ژنێکی دیکە کە ناسیاوی ئەو ژنە بوو کوتی : ئەوە شووەکەتە؟ مەیموون خانم کوتی بەڵێ، ڕەبی بەزیاد نەبێ. تەماشا بەختی من! من کەنگێ گیای ئەوم. سەیرە بەو مێردە جوانەی ناقایلە.
کەسانێکی تر قیافەیان جوانە بەڵام ڕۆژ تا ئێوارێ بۆ پاروە نانێ دەچەوسێتەوە. کەسانێکی دی هەم پارەیان هەیە و هەمیش جوانچاکن بەڵام گوو بە ڕەوشت و ئێخلاقیان.هەشن بە پێچەوانە دەڵێی مەڕی پێغەمبەرن لێ ئەشیای خودا شک نابەن.ئافرەتی وا هەیە دەڵێی دەنکی هەنارە، بە ئێخلاقە، کارمەندە، بۆدەیە بەڵام شوو ناکا.پیاوی واش هەیە پووڵ و کار و ماڵ و جوانیی نییە و کاسپیش نییە تەنیا شتێک کە هەیەتی بە دەستییەوە گرتووە دەڵێ ژن دەهێنم و کەسیش کا بە کڵاوی ناپێوێ.
و..،،،،،، ئێوەش لێی زیاد کەن!
@mzravilka
#مەلای حاجی ڕەسوی
چیرۆکی ژن و پیاوێک لە یەکێک لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا.
پیاوێک دەگەڵ ژنەکەی لەیەک جیادەبنەوە، دوو منداڵیشیان دەبن منداڵەکان لە لای بابیان دەمێننەوە، ژنەکە دەگەڵ کەسێکیتر هاوسەرگیری دەکات، دوای دوو ساڵ پیاوەکە تووشی نەخۆشی جگەر دەبێت، دەچێتە لای دوکتور، دوکتور پێی دەڵێ تۆ پێویستیت بە نشتەرگەری جگەر هەیە، دەبێ کەسێک پەیدا پکەی بەشێک لە جگەری خۆت بداتێ، ئەگینا چارەسەرت نییە، کابرا دەڵێ هیچ کەسم نییە هێندە دڵسۆزم بێت جگەرم بداتێ، دوکتور ئەو هەواڵە دەدات بەڕۆژنامە و بڵاو دەکرێتەوە،ئەو ژنەی کە لە پیاوەکە جیا بۆتەوە، چاوی بە ڕۆژنامەکە دەکەوێت، یەکسەر دەچێت بۆ بیمارستان دەڵێ من جگەر دەدەم بەو پیاوە ! خولاسە نشتەرگەریەکە ئەنجام دەدرێت.دوای نشتەر گەریەکە، لە ژنەکەیان پرسی چی وای لە تۆ کرد ژیانی خۆت لە مەترسی باوێی بۆ پیاوێک کە هیچ پەیوەندیتان بە یەکەوە نەماوە و لەیەک جیا بوونەتەوە؟ دەڵێ من دڵم بەوە خۆشە کە مرۆڤێکم لە مردن ڕزگار کردووە،
لە هەمووی گرنگتریش ئەو پیاوە بابی دوو منداڵی منە،منداڵەکان لە سۆزو محیبەتی دایکیان دابڕاون،ئەگەر بابیشیان نەمێنێ کەس نابێ سۆزو محیبەتیان پێ ببەخشێ و پەروەردەیان پکات، لە پیاوەکەیان پرسی تۆ چ هەستێکت هەیە بەرانبەر بەو ژنە؟ دەڵێ ئەو ژنە دوو جار دنیای بۆ من ڕووناک کردووە، جارێک کە هاوسەرگیری دەگەڵ کردم و ئەو جاریش کە لە مردن ڕزگاری کردم.
دوو ساڵ لەوە پێش ئەو چیرۆکەم لە سەر پەیجی ڕۆژنامەنووسێک لە فەیسبووک چاو پێکەوتووە،وێنەی ژن و پیاوەکەشی دانابوو بەڵام ئەو کاتی کۆپیم نەکردن،بەڵام چیرۆکەکەم بە بیر مابوو.
لە کۆڕی زایەڵە وەرگیراوە
@mzravilka
کچێکی تەمەن ۱۶ ساڵان، باڵابەرزێکی سینگ سەدەفی مەمک فینجان، زەرد و زۆڵێکی چاو شین، شینێکی وەک کەللا شوشە، کەمەندی کەزی لەسەر سمتان وەک ئاوریشمی چین، جینای خاویشی لە سەر ئەبرۆی کەوانی بە جۆللانە، دم قیت و لێو گۆشتن، بە گۆشەی چەپی لێوی سەرێیەوە خاڵێکی قەترانی نەخشێندرابوو، کوڵم ئاڵ و خوێن تێچزاو، نیگا تیژ و گەرم و عەیار.
شاڵواری دوو بەندەداری لی کاڵ لە سەر تیشێرتی سپی لە سەرەوەی ئانیشک و کەوشی بەند بەندی بێ گۆرێ دەبەرکردن، نەک هەر لە خانێ بەڵکو لە زۆربەی مەنتیقەی حوکمی مینی ژۆپی هەبوو.
سنور بە شەڵواری دوبەندەداری لی کاڵ لە سەر تیشێرتی سپی لە سەرەوەی ئانیشک و کەوشی بەند بەندی بێ گۆرێ هاتبوو و لە قولینچکی حەساری مە سەیری داوەتە بێ گڕەکەی تاوێک پێش و گۆڤەندە گشتەکەی دوای هاتنی خۆی دەکرد.
قەننە کێشێک ڕاوەستا، وردە وردە شەرمی شکا، گەردنە قازەکەی هەڵێنا و لاژەلاژی دە تەنافی کەزیەکەی خست و بە لەنجێکی ناسک خەرامی بۆ ئەستاندنی دەسماڵەکەی سەرچۆپی؛ پێشکەشی کرا. ئاڵای سور و زەرد و کەسکی لە سەر بەرزی باڵای شەکاندەوە و بۆ تاوێکی نیگا و باڵا و ئاڵا لە گەڕی گۆڤەندی حەسارەکەی مە تێکەڵاوی یێکتری بوون.
گرم و هەرای بووکنیچیانیش پەیدا بوو، بووک هاتە زار دەرکێ، گرێی لێچکەی کیژۆڵان زۆری ترازابوو، پزووی دەرپێکانیان تا بەلەکان هەڵماشرابوو، و مەچەکەکانیان هەڵکرابوو. ئاواتی نەنکم هاتبۆ دی، کیژۆڵان بە دەسرە بادان حەساریان خرۆشاند، کوڕە لاوان بە گرمێی پێیان ئەستوندەکیان جوڵاند و دایکیشم مست مست نۆقڵ و گوڵ و شیرینی بە سەریاندا باراند.
ئێستاش چۆپی کێشی جوان لای من ئەوایە:
کچێکی پرچ ڕوتی بەژن ڕێک، بە ئاڵایەکی سێ ڕەنگی گەشاوە، شەکاوە لە سەر باڵای جا چ بە شەڵواری لی کاڵ چ بە کراسی تۆڕی ئاڵ.
👉@mzravilka👈
#مەحەمەد بێهڕەوان- بۆکان
دەگێڕنەوە دەڵێن جارێکی لەدێیەک مەلای ئاوەدانی بانگەواز دەکا دەڵێ ئەی برایانی بەڕێز هەمووتان ئەمڕۆ بۆ نوێژی عەسر دەبێ بێنەمزگەوت کارم پێتانە. خەڵکەکەش هەموویان دەچن دوای نوێژ مەلا دڵێ: جائەوە بۆیەبانگم کردن پرسیارێکتان لێبکەم. دەڵێ:هەرکەس لە ژنەکەی ڕازێ دەستی هەڵێنێ .هەموویان دەست هەڵدێنن تەنیا پیاوێک نەبێ .مەلا دەڵێ ئەتۆ لە ژنەکەت ڕازی؟ دەڵێ ناوەڵڵا. دەڵێ ئەدی بۆچی دەستت هەڵنەهێنا؟ دڵێ مامۆستا هەر دووک دەستی شکاندووم چۆنی هەڵێنم.
@mzravilka
کابرایەکی کورد هەبوو بە منداڵانی ئەخوێند. کوڕێکی سەیدی لا هەبوو جوانکیلە و ژیکەڵە. هەموو جار لای دەست خۆیەوە دایئەنا و دەرسی پێ ئەوت. کە لێ ئەبوونەوە تێر ماچی ئەکرد و هەڵیئەگڵۆفی و خزمەتی زیاتری دەرس و دەوری ئەکرد. کابرایەکی دراوسێی هەبوو ئاگای لەم کارەساته هەبوو. ڕۆژێ پێی وت : ئەرێ ئەوە بۆ تۆ ئەوەندە،ماچی ئەو منداڵە ئەکەیتەوە و هەڵی ئەگڵۆفی ؟
ئەویش وتی: سەیدە، و محەمەدیشی ناوە. منیش موسڵمانم لەبەر خۆشەویستی پێغەمبەرەکەمان پێویستە لەسەر خۆشم بوێ و خزمەتی کەم!
ماوەیەکی پێچوو ڕۆژێک کابرا منداڵێکی تری چاوپێکەوت مێزەرەیەکی سەوزی بەسەرەوە بوو! بەڵام سەری کەچەڵ و لووتی چڵمن و چاوی کوت و کوێر و هەتا بڵێیت ناشرین بوو. پەلی گرت ۆ هێنای بۆ لای مامۆستاکە و پێی وت: ئەمەشسەیدە و هەتیوە؛ دیسان محەمەدیشی ناوە، پێی بخوێنە و خزمەتی کە. مامۆستاش سەیرێکی منداڵەکە و سەیرێکی کابرای کرد و وتی: برا بۆچ هەر من موسڵمانم? خۆ تۆیش موسڵمانی! من هەر خزمەتی یەکێکم پێ ئەکرێ، تۆیش بچۆ خزمەتی ئەوە بکە!😂
ژێدەر: ڕشتەی مرواری، عەلائەددین سەجادی
@mzravilka
چوار وانە
یەکەم/ هیچ دارێک نییە با نەیجووڵێنێ، هیچ مرۆڤێکیش نییە هەڵنەنوتابێ. بەڵام تەنها ڕەگ بەهێزەکان دەمێننەوە!
دووەم/ کاتێک ئەو شتەی زۆر هەڵوەدای دەبین، ڕەنگە ببێتە هۆی لەنێوچوونمان!
سێیەم/ ژیانی خۆت بە خەڵکانی ترەوە مەبەستەوە. هیچ پێوانەیەک لە نێوانی مانگ و ڕۆژدا نییە! ئەوان لە کاتی خۆیاندا هەڵدێن و دەدرەوشێنەوە!
چوارەم/ ئەگەر لە ژیاندا ئامانجت نەبوو، بەختی باش فریات ناکەوێ. کەشتییەک کە نەزانێت بۆ کام کەنار دەچێت، با پاڵنەریشی بێت بێ سوودە!
له فارسییەوە وەرمگێڕا/ کەرەم کاکەوەیس
@mzravilka
#هیوا
مەڵا ڕەحمانی قاڕنێ ئاوای بۆ گێڕامەوە،،
کوتی شەوێکی خۆشی وەرزی بەهار بوو،
منیش تۆپی پێم زۆر پێخۆشە، ئەوێ شەوێ دوو یانەی ڕئاڵ و بارسا یاریان پێکەوە هەبوو منیش بە دیار تەڵەفزیۆن دانیشتبووم سەیری یاریم دەکرد،
لە دەرگایان دا و خێزانم چوو دەرگاکەی کردەوە،،
خێزانم هات وتی مەڵا ڕەحمان ئەو ژنەی جیرانمان هاتووە دەڵێت کوڕە بچکۆلەکەم چەند شەوە لە بەر گریان
نەنووستووە، ،،
نوشتەیەکم بۆ بنووسێ،
منیش وتم پێ بڵێ دوایە بۆی دەنووسم،، خێزانم ڕۆیشت، دیسان هاتەوە، وتم ها چبوو، وتی فەقیرە بۆی بنووسە دەڵێت
بۆم ناحاوێتەوە، خێرت دەگاتێ،،
منیش هەر لەوێ لە سەر دەفتەری مناڵان زوو بۆم نووسی،،،
ئەی باب کەری
دایک ماکەر
بۆ ناخەوی،،
هەی جاشکە کەر،،
پێچامەوە و وتم پئ بڵێ دە ئاوێی هەڵکێشێ و سێ جەمە ئاوەکەی بداتێ،،
نوشتەکەی دەبن سەری بنێ،،
سەرتان نەهێشێنم، بۆ بەیانی زوو یەکێک لە دەرگای دا، چووم دەرگام کردەوە، هەمان ژنەی جیرانمان بوو،
قاپێکی شیرێژو ڕۆن هێنابوو،،
سڵاوی کرد و کوتی مامۆستا یا خوا خێرت وەڕێ بێت ئەو شۆ کوڕەکەم خرپ بۆی نووست،،
ئەوەش سەر قەڵەمانە،،،
👉@mzravilka👈
#لانەواز
دەنگێکی زۆر خۆشیشی هەبووە.
جارێکی سمایلخانی شکاک(سمکۆ) ڕێی دەکەوێتە گوندی بادینی پشدەر؛ ئاغای ئەوێ چروستانی بانگهێشت دەکاتە دیوەخان تا بۆیان بخوێنێتەوە قورئان. دەنگە پڕ سۆزەکەی کاری کردووەتە سەر سمکۆ و بێ ئێختیار فرمێسکی وەراندووە و بەکوڵ گریاوە؛ هەربۆیە داوای لێ کردووە ببێتە مەلای تایبەتی سمکۆ، بەڵام داواکەی ڕەد کردووەتەوە...
زۆربەی شێعرەکانی نالی و مەحوی لەبەر بووە و بە مەقام و ئاواز لە کۆڕی یاران خوێندوویەتەوە دڵی لاواندوونەتەوە💓
@mzravilka
#حاجی عەبدوڵڵا حەمزە
چراتۆڕ...؟؟؟
پڕ لە بیرەوەری...!!!
یا تۆڕی دەست نەدەکەوت ...یا نەوت پەیدا نەدەبوو... یا قایش پەمپی دەست نەدەکەوت .. ئەگەر قایشەکەشی وشک دەبوو بە تف لێدان خاومان دەکردەوە ...
یا دەرزی دەشکا ... یان میلەی هەڵچوونی نەوتەکەی دەگیرا...ا
یا....یا....یا.....
بەڵام هەموومانی لە دەوری یەک کۆ کردبۆوە... وەک ئێستا نەبوو پەرێشان و بڵاو بین و هەرکەس دە قوژبن و دیوێک بخزێ و خەریکی موبایل و ئامێری سەرگەرمی ئەلێکتڕۆنی سەردەم بین...
جراتۆڕ ئامێرێک بوو لە شەوانی ساردوسڕ و درێژی پاییز و زستان دا کۆی دەکردینەوە
هەرکەس چراتۆڕێکی هەبا دەبوو باقێک تۆڕو دەرزی و ئاڵکۆڵ و ئاڵکۆڵدانیشی هەبا....
هەرکەس چراتۆڕی نەبا... دەیانگووت : ئەو ماڵە چۆن دەژی ... بەڵام منداڵانی فێرگە بۆ دەرس نووسینەوە و دەرس لە بەرکردن له نیعمەتی ڕووناکایی چراتۆڕ بێبەش بوون... چونکە کەس دوو چراتۆڕی نەدایساندن و تەنیا چراتۆڕێک بوو ، ئەویش لە دیوەخان و دیوی میوانان دایسا.. دیوەخانیش یا پڕ لە دەنگە دەنگە بوو ... یا لە بەر دۆمینەکردن و یاری "گۆرێ بازی "(گۆرەوی) دیوی چراتۆڕ وەبەر ژن و منداڵ نەدەکەوت ... منداڵی بەدبەختیان بۆ دیوێکی دیکە و بۆ بەر زەردە ڕووناکایی چرا فانۆس و چرا "لامپا" دەر دەکرد.
بەشی منداڵان لە چراتۆڕ زۆرتر ئەوە بوو کەتۆڕێک دەدڕا و هەڵدەوری یا دەرزی چراتۆڕێک دەشکا ... یا ئەڵکۆڵ بۆ هەڵکردنی چراتۆڕ لە ماڵێ دا نەمابوو... بە تاریکە شەو و سارد و سەرماو باران و بەفر بۆ ماڵێکی جیران یا ماڵێکی دیکە لەو سەری دێ دەیاننارد و ئەگەر چراتۆڕیشیان هەڵدەکردەوە بە منداڵەکەیان دەگووت... بڕۆ ئەو دیوی ئەو فانۆسەی بەرە و دەرسەکانت بخوێنە... دەی یاڵڵا بۆ وا ڕاماوی...؟
ژێدەر:کۆڕی زایەڵە
@mzravilka
#ڕەئووف محەممەدپەنا
تووشی خاڵۆ حەمە بووم ، وتم : بەینێکە کز دیاری و نەشەی جارانت نەماوە، داماوە ئەوەندەی سیغار کێشابوو سمێڵی زەرد هەڵگەڕابوو، وتی: هەر کەسێ لە جێگای من بوایە ئێستا ئێسک و پرووسکی لەقەبرا ڕزیبوو .
هەشت کوڕم هەیە زەماوەندم بۆ هەموویان کردووە و چوار کچم هەیە داومن بە شوو ئەمە دوازدە زەماوەند، کورێکم لە سەر کرێ تاکسی شەری لەگەڵ شۆفیڕێ کردووە دەستی کابرا شکاوە، دوو مانگی تەواوە من دەیبەم بۆ لای دوکتوور ، چاک بوەتەوە و ڕەزایەت نادا و دەڵێ دەبێ بمبەن بۆ شاری ڕەزاییە بەردی گورچیلەم هەیە بۆم بشکێنن.. سەرباری ئەوەش دوو مانگە من لە مریشک و گۆشت و برنج و پێداویستی ماڵ بۆیان کێش دەکەم ، برایەکی هەیە دەیگوت : براژنم ددانی خراپ بوون بەشکم بیبەی بۆ لای دوکتووری ددان با بۆی بچەقێنن (کاشتی کەن)، جا ئەو وەخت قسەیێک لە سەر رەزایەتەکە دەکەین، یا خوا پیاو تووشی بنیادەمی ناحاڵی نەبێ ، دەی تۆش بی دەمێنی ؟
@mzravilka
#تەها ح - بۆکان
زستانی(1355هـ.ت/1976م)
من تەمەنم کەم بوو واتە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم.ئەوکات ماڵمان لە گوند بوو . کارەباو گازو و.... نەبوو . وەک ئێستا وەتاغی تایبەت بۆ تاکەکان و ژن و مێردان نەبوو.. مام قادرێکی فەقیرۆکە لە گوندەکەمان بوو ، بێ ژن مابۆوە براکەی خوشکێکی بۆ دا بەژن (ژن بەژن) زەماوند کرا بووک هات و زاوا بوو بە خاوەن خێزان،شەوی ئەوەڵ کە زاوا دە باڵ بووک کرا لەناو ماڵ دەبوو ئەو ماڵەش کولانکێکی لەسەرەوە بوو کە بەڕۆژ بۆ ڕۆشنایی و دووکەڵی تەندوور کەڵکیان لێ وەر دەگرت و شەوانەش بە شتێکی پان دەیان گرت واتا دایان دەپۆشی. چەند لاوێکی وریای ئاوەدانی شەو بێدەنگ لەسەر بان بەردی سەر کولانکە لا دەبەن بۆ ئەوەی بزانن مام قادر چی دەکات... شەو زۆر درەنگ دەبێت مام قادر لاقی لە تەنوور کێشاوە و خەریکی جگەرە کێشانە .لاوەکان وەڕەز دەبن، بووکەش هەر چاوەڕوانە کە زاوا بێ و وبی گـ..... بەڵام هیچ خەبەر نابێ بووکە خاتوون دەڵێ دەماڵێکتە وەرە ئەوە ڕۆژ دەبێتەوە، مام قادر دەڵێ باشە دایکەکەم پەلە مەکە دێم خۆبە خێری بابم نایەم.
@mzravilka
#مەلای حاجی ڕەسوی
مام جوانمێر هەبوو لە گوندی مامکاوێ،بە ڕەحمەت بێت لە ژیاندا نەماوە.
مام جوانمێر پیاوێکی کورتە باڵا و قسەخۆش بوو، دەگەڵ ئاژەڵداری خەریک بوو، کاتێک بزنێک دەمرد کاریلەکەی لە دوای جێ دەما، مام جوانمێر دەیتوانی بزنێکی تر بکات بە دایکی و شیری پێ بدات، هیچ بزن و مەڕێک بێجگە لە بەچکەی خۆیان شیر نادەن بە بەچکەی بزن و مەڕێکی تر بەڵام مام جوانمێر ئەو کاریلەی دایکی دەمرد دەگەڵ بزنێک کە شێری تێ بایە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەیبردن بۆ ژورێکی تاریک،نازانم چ فێڵێکی لە بزنەکە دەکرد کە دەیهێنایەوە دەر وەک بەچکەی خۆی کاریلەکەی دەلستەوە و شیری دەدایە،
زستان بوو حەرز هەموو سەهۆڵ بوو، بەرانێک دەبزنێکی هەڵدا دە سوانەیڕا بەردایەوە، مام جوانمێر ملی بەرانەکەی گرت لە جێگای بزکەی ڕا بەردایەوە، بزنەکە هیچی بەسەر نەهات بەڵام بەرانەکە لاقی شکا، مام جوانمێر ڕای کرد بەرانەکە ڕاست کاتەوە پێی لەسەر گڵوانێک دانا گڵوانەکە لەسەر سەهۆڵ بوو مام جوانمێر لەسەر گڵوانەکە خلیسکەی برد لە سەر پشت کەوتە سەر حەرز، گڵوانەکەی بە دەست وەگرتبوو، دەیگوت خوایە گیان ئاخر ئەوە چییە دروستت کردووە، دەیهەویست شەپێکی تێهەڵبدات دووبارە خلیسکی بردەوە و وەسەرێک گەڕایەوە.
@mzravilka
"هەر بە تەشییەکۆنەکان دەیڕێسینەوە"
هەموو ساڵێک لەو دێهاتەی ئێمە، حەوتم ڕۆژ لە وەرزی هاوین، ڕۆژێکی تایبەت بوو.
ئەو ساڵەش کە من باسی دەکەم، هەر لەو ڕۆژەدا، لە ژێر ئاسمانی ساماڵ و لەنێو دیمەنی جوانی لادێ، بە دەم هاژەی ڕووباری بەردێ و چریوەی بەسۆزی مەلان لە سەر چڵان و بۆنی نانی گەرمی تیری؛ منداڵانی گوندەکەمان لە پاڵ کانیاوی دێبەر و لە دانگەی ماڵان، بە تێکرا خڕکەبەردیان کۆ دەکردەوە و لە سووچێک کەڵەکیان دەکرد. تەنانەت چەند منداڵێک گیرفانی خۆشیان لە بەرد ئاخنی بوو. وردە وردە پیاوان و پاشان ژنانی گوندیش لە ماڵان هاتنە دەر و بەرەو شوێنی کۆبوونەوە وەڕێکەوتن. لە ژێر سیبەری داران، پاش چاکوخۆشی و ماندوونەبوونی لە یەکتر، چاوەڕێی کەیخودا و میرزای ئاوایی بوون. ئاخر پێویست بوو پێش دەسپێکی داسدرەو و دەسکەنە و هەڵگرتنی خەلەوخەرمان، هەڵبژادن بەڕێوە بچێت.
میرزا و کەیخودا بە هانکەهانک، سندووقێکی ڕەشیان هێنا و لە بەردەم خەڵکیان دانا. مەگەر خودا بیزانێ سندووقەکە هی سەردەمی کام پادشا بوو. ئەگەرچی شڕ بوو بەڵام کەس بیری لە گۆڕینی نەدەکردەوە. شەوی پێشوو وەکوو هەموو ساڵان، میرزا تایبەت بە هەر ماڵێکی نێو ئاوایی، کاغەزێکی سپی لە نێو سندووقە هاویشتبوو، تەنیا لە سەر یەکێک لەو کاغەزانە بە خەڵووز نیشانەیەکی ڕەشی دانابوو.
پیرەمێردێک کە بەتەمەنترین پیاوی ئاوایی بوو، دەستی کرد بە گلە و گازندە، کە من نزیکەی هەشتا ساڵە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداری دەکەم. سەردەمی زوو ئەم هەڵبژاردنە بە شێواز و ڕێبازی ڕێکوپێکتر بەڕێوە دەچوو. کەچی هەتا دێت وەکوو ڕەنگی سندووقەکە هەر کاڵتر دەبێتەوە. ئەو دەم لەباتی کاغەز، خەڵفی داریان دەبڕی و لە سندووقەکەیان دەنا، تەنیا یەکیان بە لەلە دیاری دەکرد. ئەو ڕێوڕەسمە زۆر کاریگەری هەبوو لە سەر زۆری خەلەو خەرمانی ساڵانەمان. کەچی ئێستا کەس کا بە کڵاوی ئێمە ناپێوێت. بەڵام چەند لاوێک وتیان: مامەگیان، ئێستاش هەر ئەو نەریتەیە، بەڵام لەم سەردەمەدا جەماوەر زۆرترە، لق و خەڵفی دار، جێی زۆر دەگرێت. خوێندەواریش زۆرترن.
هەر چۆنێک بوو هەڵبژاردن دەستی پێکرد. کەیخودا کاغەزەکانی نێو سندووقی تێکوەر دا. بە پێی یاسا، لە پێشدا گەورەی هەر بنەماڵەیەک بە نوێنەرایەتی خاووخێزانی دەهاتە پێشەوە و کاغەزێکی لە سندووق دەردەهێنا. پاش ئەوەی کە هەر ماڵێک کاغەزێکی بەرکەوت، ویستیان بزانن ئەو کاغەزەی کە بە خەڵووز دیاری کراوە، بووە بە بەشی کام بنەماڵە؟ ئەگەرچی بنەماڵەکەمان بۆ دەرکەوت، بەڵام ژنی ئەو کابرا دۆ و دۆشاوی تێکەڵ کردبوو. دەیگوت: ئێمە جگە لەو سێ منداڵە، کچێکی دیکەشمان هەیە کە مێردی کردووە، دەبێ ئەو و زاواکەشمان لەو هەڵبژاردنەدا لەگەڵ ئێمە بن. بەڵام خەڵک وتیان: دادە گیان، قسەیەک بکە سەربگرێ، ڕبەیەک بگرە جێ بگرێ. تازە ئەوان بۆ خۆیان ماڵێکی جیاوازن، چۆن دەبن بە شەریکی ئێوە!
بۆ بەشی دووەمی هەڵبژاردن، پێویست بوو ئەمجارە ئەو ماڵە یەکێک لە خۆیان هەڵبژێرن. بۆیە کەیخودا ئەمجارە چوار کاغەزی سپی و کاغەزێکی دیاریکراوی نایە نێو سندووقە ڕەش. لە پێش چاوی خەڵک، خێزانی ئەو ماڵە هەرکامە کاغەزێکیان دەرهێنا. منداڵی ئاخرچۆڕیان (پاشەبەرە) لەبەر منداڵی و کورتەباڵایی، کەیخودا خۆی لە باوەشی گرتبوو، بۆ ئەوەی بتوانێت کاغەزی خۆی هەڵبگرێت. ئاخری کاغەزی ڕەش بوو بە بەشی ژنی ئەو ماڵە.
بۆ نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، خەڵکی ئاوایی وەکوو ڕەجمی شەیتان، ئەو ژنەیان بەردەباران کرد، هەتا مرد.
شێرلی جەکسون ١٩٤٨/(مودەڕس سادقی)
خوێنەری هێژا ؛
مەبەست لە سندووقی ڕەش، کۆمەڵێک ڕێوڕەسم و بیروڕای هەڵەیە کە لە کۆمەڵگا باوە. کەس بیری لێناکاتەوە بۆ ئەو ڕێوڕەسمانە بەڕێوە دەچن و قازانجەکەیان کامەیە؟ ئێمە بەبێ بێرکردنەوە ڕەنگە تەواوی تەمەنمان شوێنی ڕێبازێک بکەوێن کە هەڵە بێت. جا هەر خۆشمان نین، منداڵی پاک و ساکاریشمان تووش دەکەین. ئەو بیرە هەڵانە، کۆمەڵگا و دۆست و دراوسێ و تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەکان لێک دەکەن بە دوژمن. کاتێ بەبێ بێرکردنەوە، دەبێن بە شوێنکەوتووی بیر یان ڕێوڕەسمێکی نالەبار، دیارە خەریکین لە سەر ژیانی خۆمان قومار دەکەین. ڕێگا دەدەین چارەنووسمان کەسانێکی دیکە دیاری بکەن کە ڕەنگە نانیان لەوەدا بێت.
چەندین جار باسی بەرد کراوە. بەرد لە ئەدەبیات هێمای دڵڕەقی، تووندوتیژی، دەمارگرژی و هەر وەها دواکەوتووییە.
ژن کە سەرچاوەی ژیانە، لە کۆمەڵگای لاساییکەرەوە گەورەترین قوربانییە. بیری هەڵە، ڕاهێنانە بۆ دڕندایەتی بە شێوەی ئاسایی(لە ژێر سێبەری داران بە دەم قسە کردنەوە...جا هەموویانیش بە پێی خۆیان هاتوون، کە کێ ببێت بە قوربانی، کێ ببێت بە جەللاد، ئەویش بە بەشداری منداڵان!). ڕەنگە ئەمڕۆ جەماوەری خوێندەوار زۆر بن، بەڵام ڕێوڕەسمی هەڵە، هەر هەیە و هەر بە پێی ڕۆژ تازە دەبێتەوە. خەڵووز هێمای چارەڕەشی و سووتانمانە. دنیایەک کە دەتوانێت وەکوو بەهەشت بێت، بە بیری هەڵە دەیکەین بە جەحەندەم لە خۆمان و .....
عیسا ئەحمەدی ١٤٠٣/٠٣/٠٩
#ڕەئووف محەممەدپناە - بانە
کاک حوسەینی کووتاڵفرۆش وتی : کابرایێک بوو نێوی حەمەتەیارە بوو ، ساڵانێکی زۆر لە زیندانا بوو ، لە دواییدا کە ئازاد دەبێ ، هاورێیکی پێی دەڵێ : ئەرێ مامە حەمە بۆ گیرا بووی ؟ ئەویش دەڵێ بیست تمەنم پێ بدە با بۆت باس بکەم، دەڵێ بیست تمەن بۆ چی بدەم ؟ مامە حەمە دەڵێ پێم نەدەی بۆت ناگێرمەوە ، بیست تمەنەی پێ دەدا ، مامە حەمە دەڵێ ئەم دە تمەنەی بۆ خۆت بیدە بە چەسب بیدە لە دەمت و ئەم دە تمەنی تریش من دەیدەم بە چەسب دەیدەم لە دەمم .
دەمت بێستێ با تووشی قەباقەت نەبی ، واتە زوبان بێستێ سەر سڵامەتە.
@mzravilka
#نەقڵەکانی ئەودیو سنوور/باڵەکایەتی
دکتۆر عەلی پیاوێکی کەڵەگەتی چوارشانە بوو؛ ئەو سەرەتا کەسێکی چەپی بوو و کادیرێکی شۆڕشگێڕی حزبی سۆسیالیست بوو. دیار بوو بۆ نەخۆشی لە لایەن حزب نێردرابووە مۆسکۆ. وەک هەموو ئەوکەسانەی کە دەچوونە یەکێتی سۆڤیەت و دوای گەڕانەوەیان نەفرەتیان لە مارکسیزم و سۆسیالیزم دەکرد، ئەویش ببووە دژی بەرەی چەپ. کاک ئەنوەری سەعیدئاغاش، کە ئەو کات مارکسییەکی ئاگرین بوو، ئەو قسانەی پێ ناخۆش بوو. دکتۆر عەلی لەبارەی نەخۆشخانەکانی مۆسکۆ دەیگوت: نەخۆشخانەی ڕانیە لە شەستەکان زۆر خاوێنتر بووە لە نەخۆشخانەی ئێستای مۆسکۆ. کاک ئەنوەر گوتی دکتۆر عەلی ڕاست دەکات! کاتێک بەڕێزیان لە فڕۆکە دابەزیوە وایانزانیوە گاجووتە و بردوویانەتە بەیتەرییەی (نەخۆشخانەی ئاژەڵان) مۆسکۆ!!!!!!
👉@mzravilka👈
#کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک
پیاوێکی پیر چوو بۆ دادگا تا سکاڵایەک بنووسێت. دادوەر لێی پرسی: سکاڵا لە کێ دەکەیت؟
پیرەپیاو وتی: لە کوڕەکەم.
دادوەر و یاوەرەکانی سەریان سوڕما، وتیان: سکاڵاکەت چییە؟
پیرەپیاو وتی: داوا لە کوڕەکەم دەکەم، بەپێی توانای خۆی، مانگانە بڕە پارەیەکم بۆ ببڕێتەوە.
دادوەر وتی: بێ چەندوچوون ئەمە مافی خۆتە لەسەر کوڕەکەت.
پیرەپیاو وتی: وێڕای ئەوەی من دەوڵەمەندم و هیچ ، پێویستم بە پارە نییە، بەڵام دەمەوێ مانگانە خەرجییەک لە کوڕەکەم وەربگرم!
دادوەر لەم هەڵوێستەی پیرەپیاو سەری سوڕما و بەزەیی پێداهاتەوە. ناوونیشانی کوڕەی وەرگرت و بڕیاریدا بیهێنن بۆ دادگا. کوڕ و باوکی بەرامبەر یەک دانا و پرسیاری لە کوڕە کرد: ئەمە باوکتە؟ کوڕەکە وتی: بەڵێ سەروەرم.
دادوەر وتی: ئایا دەزانیت باوکت سکاڵای تۆمار کردووە و دەیەوێت مانگانە خەرجییەکی کەمی بۆ ببڕیتەوە بەپێی توانای خۆت؟
کوڕە واقوڕماو وتی: چۆن داوای مانگانەم لێ دەکات کە ئەو زۆر دەوڵەمەندە و پێویستی بە پارەی هیچ کەسێک نییە؟!
دادوەر وتی: ئەمە داواکاری باوکتە و ئازادە لە بڕیاردانی!
پیرەپیاو وتی: بەڕێزان، سەرۆکایەتی دادگا، گەر بڕیاری یەک دیناری خەرجی مانگانەشم بۆ بدەن من دڵخۆش دەبم، بە مەرجێک کوڕەکەم خۆی بە دەستی خۆی و بێ گیرۆبوون* ئەو پارەیەم بۆ بهێنێت.
دادوەر وتی: بە دڵنیاییەوە ئەوەت بۆ دەکەین.. باوکە نزای بۆ دادوەر کرد و دادوەر بڕیاری دەرکرد:
دادگا بڕیاریدا لەسەر فڵانی کوڕی فڵان، کە مانگانە بڕی یەک دینار بێ پچڕانەوە و ڕاستەوخۆ و بە دەستی خۆی بدات بە باوکی تا لە ژیاندا بمێنێ.
پێش ئەوەی باوکە کوڕەکەی و هۆڵی دادگا بە جێ بهێڵێت، دادوەر لەپێش چاوی کوڕە پرسیاری لە باوکە کرد: بمبوورە! دەمەوێ بپرسم بۆ وات کرد؟ سکاڵات لە کوڕەکەت کرد و بڕە پارەیەکی زۆر کەمت داوا کرد، لە کاتێکدا تۆ دەوڵەمەندی و پێویستت بە پارە نییە؟!
باوکە بە گریانەوە وتی:
سەروەرم! من پێم خۆشە کوڕەکەم ببینم، بەڵام لەبەر سەرقاڵی و کاری زۆر ئاگای لە من نییە و قەت نایبینم، لەگەڵ ئەوەی زۆر دڵم ها پێوە، تەنانەت بە تەلەفۆنیش قسەم لەگەڵ ناکات، بۆیە ئەم سکاڵایەم کرد، تا هیچ نەبێ دەرفەتێک هەبێت و مانگی جارێک بیبینم بەسمە.
دادوەر بە خوڕ گریا و ئەوانەی هۆڵی دادگاش هەموو نیگەران بوون و گریان. دادوەر وتی: بەخوای ئەگەر هۆیە ڕاستەقینەکەت پێ دەوتم، لێم دەدا و زیندانیشم دەکرد. باوکە بە بزەوە وتی: ئاخر بەڕێز دادوەر ئەم بڕیارەش هەر ئازاری دڵی دەدام! خۆزگە مناڵەکان درکیان بە شکۆ و شانازییان لە دڵی باوکانیاندا دەکرد، پێش ئەوەی لە دەستیان بچن!!
*گیرۆبوون: تاخیربوون
لە عەرەبییەوە وەرمگێڕاوە
کەرەم کاکەوەیس
@mzravilka