aso_najjari | Unsorted

Telegram-канал aso_najjari - مامۆستا ئاسۆ

2213

کاناڵی فەرمی:🔻 #موحەمەد_سەعید_نەجاڕی #ئاسۆ

Subscribe to a channel

مامۆستا ئاسۆ

🌸 ڕەشەمە🌸

ڕەشەمە کەوتە کۆتایی ئەدی بۆنی بەهاری دێ
خۆڕەی ئاوی خڕانیشی بەسەبری نا! بەهاری دێ

بەهاری ساڵی ساڵانمان بەخۆشی ڕابرا ئەمما
لە دەست ئەم چەرخە کەج ڕەفتارە دایمە کەجمەداری دێ

کەوی سەر شاخەکان پۆل پۆل دەهاتن قاسپەیان ئێستاش
لە گوێچەی باغی بێ پۆلی گەلی قومری و قەناری دێ

گەزیزە زیزە ئێستاو چەشنی لەق لەق پاکی تۆراون
نە دەڕژێش وەک چەلان لە گوێم نەوای تەپڵ و نەواری دێ

کە بولبول دەنگی چەهچەی دێت و سوڵتان کەوتە سەر ولول
لە ئەفشاردایە ماملێ گەر سەدای سەوت و قەتاری دێ

دریغ بۆ شیعر و گۆرانی دریغ بۆ بەزمی هەڵپەرکێ
دریغ بۆ شارەکەی ساڵان دریغ بۆ ئاسەواری دێ

وەهام لێ تێکەڵاوە ڕەمزی شیعرو بەزمی دڵداری
لە مزگەوتی کەماڵاتم خەیاڵی سەر چناری  دێ

وەها سەرمەستی بەحری شیعری ڕەمزاویم کە نازانم
وەفایی هاتەوە سابڵاغ وەیا بۆ حوجرە ناری دێ

ئەمن خۆ هێندە بێهۆش نیم وهەربۆم ڕوون نەبوو ئەما
چریکەی بازە یا ڕەحمان، سەدای میزرابی تاری دێ؟

لە ئاسۆ بۆچی ناپرسن مەلی پیری لە سەر شانە
کەچی بۆ مێشکی هەر بۆنی کچێکی سەبزەواری دێ

            
#ئاسۆ
قۆچاخ  12   12   401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠چاوەڕێ💠

دەڵێم شێعرێ بڵێم ئەوشەو، برینی دەرد وگریان بێ
لەبۆ بەردەنگی ئەم پەیجەم، نەبێتە دەرد و دەرمان بێ

بەڵام چ بکەم ترووسکەی شادی کەوتۆتە سیاچاڵێ
بەدی ناکەم لەهیچ لایێ بەتایبەت وەرزی زستان بێ

دەڵێ ــ دوکتور ــ لە بۆ چاو ئەشکی دەسکرد باشە، من چ بکەم؟
دەبێ حاڵم لەبەر ئەو نوسخەیەی ئەو هەر پەرێشان بێ

کوتم گەورەم! ئەمن چاوم بەدایم پڕ لە فرمێسکە
کەسێ بەو قەترە موحتاجە، دژی ئازادی ئینسان بێ

منێ گەر گۆشکراوی چۆم و کانیم لێم گەڕێن با هەر
دڵ و چاوم لەبۆ خاکم بەدایییم کەیلی گریان بێ

نە جێیێ شک دەبم تا دڵ لەوێ باری خەمی دانێ
نە هەستێ وام هەیە تەبعم وەکوو لاویی غەزەلخوان بێ

مەیە؟ قاچاخە! ماچ؟ کوفرە، ئەوین؟ ڕیسوائیە ئێستا
دەبێ حاڵی چ بێ ڕانی، لە کوێستان دا گورگ شوان بێ؟

گوڵێ دوێنێ بزەی هاتێ کە ڕیشی لۆکەیی دیتم
کوتم چۆن پیر نەبم ئاخر، کە وەرزم ڕێگە بەندان بێ

لەئاسمان خوێن دەبارێ و دەستی زاڵم ئەوکی گووشیوم
سەڵا لەو حاڵە گەر میللەت خەمی چووکەی خەمی نان بێ

بەڵام ئاسۆ گەلێ ڕوونە، مەترسێ کەڵ بە، ڕاوەستە
زەوی دایم دەبێ چاوی لە وەرزی بەفرو باران بێ

#ئاسۆ
#بۆکان
27   بەفرانباری 401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠موندیال💠


عالەمێ شەو سەیری تۆپێنی وڵاتی خۆ دەکەن
هەر تەماشای شکڵی ئاڵاو سەیری هاتوچۆ دەکەن

دەوحەیە ژوانگەی ئەوین و باخچەیە باری شەوان
تاقمێ سەیری شەمامەو دەستەیێ گوڵ بۆ دەکەن

عارەبی سەرپێ لەپێ ناوی لە عالەم کردەدەر
حاکمی بیرکورتی وێش گوڵزارەکەی بۆژۆ دەکەن

دژ بەشادی و ڕامیاری و روود و بادەن کۆنپەرەست
وا هەزار ساڵە قەراردادی درۆ تاپۆ دەکـــــەن

هەر منی کوردم لە جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
شار و دێم ڕۆژ و شەوێ تەمرینی شین و ڕۆ دەکەن

پەرچەمێکم من لە نێو ئەو هەموە ئاڵا دا نیە
پشتیوانیشم هەبێ پاکی قسەی بەدرۆ دەکەن

جا ئەدی چۆن زەوقی سەیری موندیالم بێ کەمن
شارەکەم شینی شەهیدی حەوت و هەشت و نۆ دەکەن؟

چۆن نەپۆشێ ڕەش کچی شیعری ئەوینداری گەلم
بۆ دەوای زامم لەزولفی کیژەکان بۆ سۆ دەکەن

شارەکانی کورد هەموو جەرگیان دەسووتێ وەک سنە
خاسە ئەمشەو نوێژ بەرەو مزگەوتەکەی جوانڕۆ دەکەن

شار نەماوە خاکی کوردان، شار و گوندی بوونەیەک
بۆ سەری منداڵ کوژانی کۆنپەرەست بەرد کۆدەکەن

شاعیرانیش کیژ و لاویان چەشنی ئاسۆ یەک بەیەک
تف لە جاڕنامەی مروڤ و عەهدەکەی ناتۆ دەکەن

#ئاسۆ
#ژن_ژیان_ئازادی
بۆکان    30   8    401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🫧 باران 🫧

پاییز! بڵێ بە باران، دایدا بەوێنەی جاران
لەمێژە لێوی عەرزی ویشکە بە یادی باران

دە هەورە گرمە دەی دەی! بنالە هەر وەکوو نەی
تۆ بانگی سینگی ئێمەی، بۆلای خودای هەژاران

چەتری گەڵاش ڕژاوە، ڕێی کۆچە کەوتە بەرمان
جەیشی زاڵم لەسەرمان، پاکی شێواوە شاران

لەژێر ئاڵا خوانوور، تینوو بە چۆڕێ ئاوە
ڕەگباری گوللەباری و شارمان پڕ بوو لە ماران

پاییز! دەگرمە هەورێ، با کانیەکان بتۆقێن
زللەی برووسکە شەققەی بگاتە تەختی تاران

گەڵا! دە مەڕژێ جارێ ، هەر سەوز و شین وگەش بە
نەوەک غەمبارتری کەی، شەوگاری لێڕەواران

هەتاوی مانگی ڕەزبەر! شیرین کە ئاوی ڕەزمان
زەمان زەمان ڕەزمە با مەستی کەن سەواران

هاواری ئێمە سووکەو گوێی دەوڵەتان چ قورسە!
تاکوو پیلانی دژبەر لە چوار تەڕەف لەکاران

پاییز! بڵێ بەباران، زۆر ویشکە عەرزی ئێمە
ڕەشتر کە هەوری ئاسۆ، لەدەم کەل و نساران

#ئاسۆ
#ژن_ژیان_ئازادی
#بۆکان

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌼دەگوزەرێ🌼

من دەزانم ئەم گرانی و دەردو ڕەنجەش دەگوزەرێ
دەوری کەس تا سەرنیە، عەسری ئەمانەش، دەگوزەرێ

تانک و تۆپ و تیپی شامان دی بەمستێ ورد کران
چاخی سەردارو سپاو و شەیپووری ئەڕتەش دەگوزەرێ

کێ هەتا سەر هەر لەسەر عەرزی ڕەق و تەڕ نووستوە؟
وەرزی دەسکورتی و هەژاریی قەومی بێ بەش دەگوزەرێ

دەنگی مۆسیقا دەبێتە جێ نشینی بانگ و ڕۆ
وەرزی قاچاخیی ئەوین خێڵی بادەش دەگوزەرێ

ئەو برینانەی کە تیماریان نەکرد، خۆش دەبنەوە
ڕۆژی ڕووناک دێتەوە، عەسری شەوی ڕەش دەگوزەرێ

خاسەکەو ڕایماڵی کوندی شووم لە شاخ و بەندەنان
چەرخی کوشتاری هەڵۆی قەندیل و گاگەش دەگوزەرێ

سەر لەسەر باڵی ئەوینی خۆی دەکا ئەو بێ خەوەی
وا لەبەر زاڵم شەو و ڕۆژی موشەووەش دەگوزەرێ

بانگی نۆشانۆشی مەخۆران بەترساوان دەڵێ
گەشتەکەش هات لێی مەترسن، خۆی بەڕووی ڕەش دەگوزەرێ

بەش دەکەن ئەو زیادیەی خواردیان لە مافی میللەتان
سەردەمی خۆ شاردنەوی شێرو کەڵی بەش دەگوزەرێ

عومری ئاسۆ شەست وشەش ساڵە، چلی هەر ون کرا
دڵنیام ئەم چەن سەباحەی ماوە زۆر خوەش دەگوزەرێ

#ئاسۆ
بۆکان 1    8    401
#ژن_ژیان_ئازادی

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🍂 کۆچی ئیجباری 🍂


دەستی زاڵم، کۆچی ئیجباریی دەوێ و پێمخۆش نیە
گەرچی ئەم کۆچە بەدەست و ویستی ئەمن و تۆش نیە

هەر درۆن مابوو، لەکورد هەڵکەن، ئەویشم دی بەچاو
داد وفریادێ بکەم گەر، بێ دەلیل و هۆش نیە

عاقیبەت جێ هێشتنە، سەودای مەرگ پێشخستنە
دەستێ زاڵم بیبڕێ، پێویستی شین وڕۆش نیە

وا دەری کردووم و لێرەش دەمکوژێ، هاوار! جەهان!
کاکی زاڵم ! باش بزانە، ئاگرم خامۆش نیە

با لەسەر، خرمان وکۆی میللەت بنۆشن مەی ئەوان
باش دەزانن تا ئەبەد هەر وەرزی عەیش و نۆش نیە

وا لەسەر چەکش و سەکۆی قازی جەهاندا، حوکمەکەی
مووشەکیش وەک ئاهی دایکانی کز و ڕەشپۆش نیە

هێندەیان خوێن هەڵمژین و کیسەیان پڕکرد لەپووڵ
بۆ هەڵاتن، هیچکەسێ ژێر پێی ئەوەندەی بۆش نیە

هێندە هۆنیمانەوە فرمێسکی دووری هاوەڵان
کام کتێبە، لەو وشانەی پڕ بە سەفحە و کۆش نیە؟

ساقیا! تینووم، وەرە! ئاوکە بە ئاوری سینگما
وەرزی پیریی وشین وگریان؟ بەو خودایەی خۆش نیە

ڕادەبوورێ ئەم زەمانەو دەورەیێ دیش دێتەوە
گەر هەبێ بێ نەزمی تۆزکاڵێ، خەتای ئاسۆش نیە

#ئاسۆ
بۆکان  10   7   401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠بۆئەم جەوە💠

ئەی لەشکری گردی سەرم! دەک ڕەببی ڕووت ڕەش بێتەوە
تاکەی لەسەر تەپڵی سەرم ئەم ڕەنگەتان بەش بێتەوە

لاچۆ لەسەر گردی سەرم تۆ جوانی ڕووبکەیتە چیا
بەشکم لەوێ قەندیلیەکان، چاویان بەتۆ گەش بێتەوە

هێندەی نەماوە ئارەزووی چل ساڵەمان بێنینە دی
دەک یاڕەبی ئەو عومرەتان کورت و لەوەندەش بێتەوە!

هێندەی لە وەرزی ئاشقی و دونیای شیعر شەشدەر کرام
وا وەرزی داش هەڵگرتنە، ئاخ مۆرە جووت شەش بێتەوە

پیاو خاوەنی ناو بێتەوە، کانی پڕی ئاو بێتەوە
دەورەی خەم و ترس و تەزوو، بۆ خێڵی جاکەش بێتەوە

باغی دڵی لاو و کچی ئەم عەسرە، وەک دەورەی ئەمە
بۆجێی قەرار و ژوانیان، ڕەنگیی و مونەققەش بێتەوە

ئەو ڕوو ڕەشەی قەولی درۆی بەم خەڵکە ساویلکەی دەدا
ڕەببی لەبۆ سەر جەرگی خۆی، تیری لە تەرکەش بێتەوە

ئەو ئایتانەی وا درۆ بەزمانی ئەڵــــڵــــاوە دەکەن
گوم بن لەباتی وەعزیان مەیدانی ئەڕتەش بێتەوە

دەورەی خەم و ترس و کزیی و قاچاخی ئاسۆ ڕابرێ
وەک ساڵی پەنجاو و حەوت و هەشت، دەنگی کەشاکەش بێتەوە

#ئاسۆ
بۆکان 1     7    401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

ترس

🥀 بۆ ژینای ئەمینی🥀


هەتا جوانیی دیوە چاوم
قەت لەمردن نەترساوم

تا سیلەی چاوم تێــدەگرن
هەرچی ترسی مەرگە دەمرن

بەڵام هەر ترساوم   لەوە
کۆرپەی شیعرم بگرێ شەوە

ئەمە ترسێکی گەورەیە
مردن لەو کات و دەورەیە

مردن لەنێو ئەو وڵاتە
کە ئازادی تێدا  قاتە

کاتێ بە مەزڵوومیش دەمرین
بە ترسەوە تازیە دەگرین
      
ڕۆڵە ژینا! گوێ بگرە بۆم
منیش وەک (وفا) خاڵی تۆم

تۆ هەر کچی کاک (امجد) نیت
ئەتۆ شەهیدی عالەمیـــــت

دنیات وەها لە خەو هەستاند
ڕێکۆڕدی هەواڵت شکاند

سەر تیتری هەواڵی دونیای
مەسیح بانگی بە گوێدا دای

لە دونیاو نێو خێزان و ماڵ
تۆی کرد بەسەر تیتری هەواڵ

گشت ئافرەتانی ئەم دونیا
هەرچی ڕووناکبیری تێدا

کزەیان هات لەجەرگەوە
کاتێ دیتیان بەو بەرگەوە

قژت ئاڵای ئازادی بوو
دژی زۆڵم و بێدادی بوو

بووی بە ئوستوورە بۆ کورد
غیرەتت بۆ گەلت هاورد

سوێندم بە فرمێسکی ئاسۆ
کەس مەرگی نەبوەمەرگی تۆ

ئەوەندەی وا مەزڵووم مردی
دونیاش دیفاعی لێــــکردی

#ئاسۆ
بۆکان  26   6  401
وێنە هێمن قارەمانی

#ژینا_امینی
#مهسا_امینی

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

▪️◾️◼️ جومعەی ڕەش ◼️◾️▪️

هەمیسان جومعەیەو شارێکی چۆڵ و
کراسێکی ڕەش و قاڵبێ سەهوڵ و

لەگەڵ فانتایێکی دەسسسازی کشمیش
ڕفێقێکی بە پرتەو بۆڵە بۆڵ و

بەرەو کوێ؟ ڕێگەکەم شێواوە ئەمڕۆ
شەوارەی جادەیێکی خاک و خۆڵ و

من و ترس وغەمی پەیمان و گریان
پەیامی نازەنینێ نەرم و نۆڵ و

خەمی سووتانی جەرگی کاکی هاوڕێم
من و شیعرو میدادێ کۆن و کۆل و

ئەرێ تۆ خوا بنووسم چی؟ ئەوەی وا
لەدوور خۆش بێ وەکوو دەنگی دەهۆڵ و

لەگەڵ عەوداڵ و دوومژ دووکەڵی تیر
لەبەر حاجی کەماڵ بەرگێ شڕۆڵ و

بەیادی جومعەکەی پێشتر کە پەیمان
لەبۆی هێناین غەزایێ خەست وخۆڵ و

دەچۆن غەم دانەپۆشی تیشکی شادی
هەموو دونیا ئەژی بزنێ گەڕۆڵ  و

  لەگەڵ دەردی ئیداری ئەم سەگانەش
لەگەڵ حوکمی درۆی قازیێکی زۆڵ  و

خەمی پیری و هەژاریی و بێنەوایی
خەمی ئەو ژان وئێشەی شان و قۆڵ و

دەڵێن ئاسۆ، جیهان هەر داخ ودەردە
ئەجەل هەر دەتکوژێ بیکەیتە کۆڵ و

ئەگەر وایە ئەدی قەت ڕەش نەپۆشی
نەکەی شادیی، غەمە دەتکاتە کۆڵوووو


#ئاسۆ
بۆکان
جمعە 11   6    401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌼بۆ زیرەکی نەمر🌼

ئەوە بۆمەرگە؟ لەپاش پەنجا ساڵ
دەنگەت ماوە لە گوێی پیرو مناڵ

لە سەرا و پاڕک و منارە و ڕەزگە
ئاوەیەر و تاق و حەوز نەرم و زوڵاڵ

پیرەکە سەیرنیە چون نەسڵی ئەوی
شۆڕەکچ لاوی بەجەرگ و کوڕوکاڵ

کچی وات عاشقە، دەمرێ لەبەرت
بەقژی ڕووت و کزیی چاوی کەژاڵ

چاوی کچ کز بوو و لەژێردا ڕوانی
ئەوەیە سیحری منی کردوە بەتاڵ

تاڵی کەزیەی کچە کورد دەستمی بەست
خۆ دەنا پێم نەدەوەستا، حەمەتاڵ

تا لە ناڵەشکێنەوە، دەنگت دێ
بۆ هەموو شاری دەبا بادی شەماڵ

ناڵی دەشکێنی لە بۆکان سوارچاک
پەڕی دەڕژێنێ لەبانە، پەڕەژاڵ

خۆزگەبەوڕۆژە نەمێنێ شەڕ و شۆر
دەنگی تۆ و شیعری ئەمن ببنە مەتاڵ

هونەر و شیعری غەزەل حاکم بن
بێت لەبۆ زاڵمەکان تەوقی زەواڵ

ڕۆژ لە ئاسۆوە تیشک باوێژێ
ون بکا ناوی ستەم سیحری حەڵاڵ

#ئاسۆ
بۆکان ١٦ ٥ ٤٠١

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

⚜💠 نەزەر 💠⚜


ڕوونەلێم بەینێکە چاوت ڕووی لەماڵم کردوە
کۆتری شادی و شەعەف ماڵی لەحاڵم کردوە


تۆم نەبی من چیم دەوارێ شڕ لەبەر زریانی دڕ
چاوی تۆیە تیشکی پڕ هۆدەی خەیاڵم کردوە


- تۆ بەتینی عیشقی خۆت کاڵت کوڵاندم ڕۆحەکەم
- خوت دەزانی چەندە بیری چاوی کاڵم کردوە


هێندە تیری چاوی چڵکن هات و ئەنگاوتی نەشەم
لاسەشۆڕم شوانکەڵەم، بیری خەزاڵم کردوە


گەڕ بەهێور یا بە پێوارێ بەرەو بەروێت خوشیم
جەردە نیم ئشتیای دزینیی پرتەقاڵم کردوە


لای خودا گوڕڕەو هەڵا قەت قیمەتی ئاهێ نیە
من بەکوردی لای خودا، سەد ناڵەناڵم کردوە


فێڵ و نووشتەو شاڵ وفاڵم زۆر کەڕەت رەت کردەوە
بۆکچی سەیزادە ئێستا بیری شاڵم کردوە


پێم مەڵێ ڕابردوو ڕابردو ژیان تێپەڕ بوە
سەیری سەد ها مانگی بەدری پاش زەواڵم کردوە


تیلەکۆو سەرشیو و کەڵوڕ جوانی وای تیدانیە
مەشقی ئەشقم لای کچێکی خزمی خاڵم کردوە


نەفسی ئاسۆ وەک سەگێ بوو یانیگر، زۆر کەسیەگرت
تا ئەتۆی گرتم بەیاری کوێر و لاڵم کردوە

#ئاسۆ
ساروقامیش خرمانانی 97

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠‍ بێ گوناح💠

من گوناحم چیە؟ بۆ کایە بە ئەفکارم ئەکەی؟
شێتە، خۆم شێتی ئەوینتم، ئەدی بۆ هارم ئەکەی؟

شێر لە نێو بیشەیی خۆیدا بێ لەهیچ کۆ ناکا
کەچی تۆ ئاسکێ سڵی هەر بەنەزەر، تارم ئەکەی

شاعیری کۆڵنەدەری ڕۆژی خەبات بووم وکەچی
تۆ بە شەونامەیێ قاچاخی شەوی تارم ئەکەی

چ خەتایێ لەمنی ملکەچی ماچت دیوە؟
نامەوێ دتدەمەوە، بۆچی خەتا بارم ئەکەی؟

شیعری من ڕۆژێ وەکوو کادۆ لەبۆ یار دەبرا
ئێستە بەم پیریە بۆ گاڵتە بە ئەشعارم ئەکەی؟

من وشەو شیعرو شیعاری پوفەکیم پاکی بەزاند
تۆ لەسەر تیشکی گەلاوێژێ منەتبارم ئەکەی؟

شایەری ڕەشبەڵەکی هێزی خەبات بووم وکەچی
حەیفە لەو پەنجە گوشیانەکە بێزارم ئەکەی

جاری وایە لەسنە دەمکەیە شای شیعر وغەزەل
جاری واشە لە شــــنۆ، بێ قەڵەم و زارم ئەکەی

ئاڕەشێکم کە لەسەر زۆریی سنوور گیانم ئەدەم
بەنیشانەی حەسەدی تیری کەماندارم ئەکەی

ئێستە مەیدانی وشەی شیعر و ئەوین پڕ لە ڕیان
من کە هەر راستیە ڕێم، تووشی خەتی خوارم ئەکەی

هەستی من نوورە لە ئاسۆ وە بەشەو دەردەکەوێ
بە نیگای چاوی حەسەد تووشی ڕچەی نارم ئەکەی

#ئاسۆ
بۆکان ٦ ۳ ۰۱

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

گلەیی

هێند لە پەلکەت بەگلەییم من حەدد و ئەژماری نیە

چۆن بە شێوەی مارە خۆشبەختانە هیچ ژاری نیە

تۆخودا پەخشانی کە با شکڵی مارانی نەبــــــــــێ

زوڵفی پەخشان عەینی داوەو هەیئەتی مـاری نیە


مامۆستا :ئاسۆ

پێشکەشی لە لایەن مامۆستای خۆشەویستم

بەڕێز ئاسۆ بۆ کاناڵی گۆرانی فولکلۆری کوردی

❤️💛💚

@Kurdish_folk_song

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

✨کردە پەشیمان✨

ئاخ! لەئەم دنیایەدا چۆن عشق و شادیی، باری کرد
چۆن فریشتەی خۆشەویستیی، تەرکی لادێ وشاری کرد

ئەودەمەی پووڵ وپلە و ماڵ بوونە کابەی عاشـــقان
خاکساری و پاکبازیی یەک بە خۆی هاواری کـــــرد

هات و هەرچی خۆشەویستی بوو بە کین پاماڵی کرد
خۆڵ بەسەرمان بۆ نەزەرمان، ئائمە سۆفی کاری کرد

نان و مەسکەن زۆر لەمێژ بوو وێردی زارمان بوو کەچی
کاکەسوورەی قەڕنی بیست ویەک بەجارێ تاری کرد

خۆزگە قانعمان دەما و دەیدی ئەوەی قەولی دەدا
ئێمە هەرهیچ، چۆن لەخاکی پاکی خۆی داشداری کرد

چەندە گوڵ لەو باغەدا سیس بوون و بولبولیان نەدی
مەرگ بەر ئەو زاڵمەی، وا مەسخەرەی دڵداری کرد

ئارەزووی ئەم میللەتە کار بووــ کەبێکاریش نەبوون ــ
ئەو لەگەڵ بێکارەکاندا، کوا چەلێ هاوکاریی کرد؟

هەرچی ئازادی وهەچی ئابووری خەڵکی سادەبوو
پاکی جوان خڕ کردەوەو لای ماڵی خۆی عەمباری کرد

دەستەچیلەی جەرگ و گورچیلەی گەلی چەوساوەکان
وەک کەباب برژاند وپاکی هات لەقوڕگ وزاری کرد

ڕەش وەها زاڵ بوو بەسەر سپیا، نە سەوزیی ما نەشین
بۆیە زەردیی هات و ڕەنگی پێشکەشی گوڵزاری کرد

چاوی ئاسۆ نیوەبین بوو ڕۆژی ئازادی نەدی
گوێی نەدایێ کەس بە شیعری ئاخ کەچەند هاواری کرد

#ئاسۆ
بۆکان ۳۰ ۱ ٤۰۱

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

‍ 🥀شەهید🥀

تۆ گوڵ ئەستێرەی شەوێکی تاروبێ سووی ئەی شەهید
تۆ لەبۆ ڕاوی گزینگێ خێڵی نوورچووی ئەی شەهید


چون لەئەستێرەی گەلاوێژ زۆرترت نوور دا بەشەو
خێڵی شەو قرمژنی لێکردی و شەهید بووی ئەی شەهید


ئەوکەسەی هەڵبێ لەبەر دوژمن شەهید نابێ بەڵێ
هەڵنەهاتی، چونکە ئەستێرەی هەڵاتووی ئەی شەهید


تاقمێ خوێنی شەهیدیان چەشنی پووڵ لا باختەیە
بۆقومارت کرد مەگەر!؟ ئەڵڵا لە ئەو ڕووی ئەی شەهید


تۆهەمیشە حازری، یانی شەهید قەت نامرێ
خوێنی تۆ هەر قوڵ ئەدا وەک ئاوی ڕندووی ئەی شەهید


ژینی تۆ بەوکورتیە پڕ بوو لەشانازی و شەڕەف
گەرچی دوژمن لای وەهابوو ماجەراجووی ئەی شەهید


هێندە بەرتەنگ وبچووک بوو تۆپی ئەم خۆڵەت لەچاو
پشتی پێت ڵێداو بەجێت هێشتین و دەرچووی ئەی شەهید


کاتێ زانیت ژینی ژێر دەستی چەنێ ڕەنجاوەرە
خۆت ڕەهاکرد، کێ دەڵێ لەم ژینە ماندووی؟ ئەی شەهید


فەرقی بۆ ئاسۆنیە نێوت محەممەد یا عەلی
هێندە بەولیباسەوە جوانی کە نووستووی ئەی شەهید

بۆکان دەی خاکەلێوەی 93
#ئاسۆ

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

✨ئاشەکۆن✨

تەح! لەچەوتیی چەرخی چەپگەڕ! چەندە چەپ سووڕانیە
من دەڵێم وەک ئاشە کۆنە، تۆ بفەرموو وا نییە

ئاش، گەنم هاڕە لە تۆڵەی بابە ئادەم، ئەم کەچی
هەر سەری ئادەم دەهاڕێ و کاری سەرگەردانیە

بوومە لەرزەی خستە عالەم، لەرزی ئەم عەرزەی وڵات
سەیرەلام بۆ هەر کەسی بەرکەوتوە، کوردوستانیە

من زمانم لاڵە لای ئەڵڵا بەڵام جوابم نییە
کەیفی خۆیە چی دەکا، قەستەم بەقورعان وانییە

نەفسی بەد کردارە ناهێڵێ بەشەر ڕاحەت بژی
هەمیەتی قەت پێ مەدەن، بەم کەلبە نانی نانییە

من خودایێکم هەیە تا ئێستەکەش ناسراو نیە
چون ئەگەر ناسرابێ جیسمە، دیارە جسمیش خوا نیە

هەر ئەوین بۆ وەی دەبێ و خاکی وەتەن بمری لەبۆی
مەرتەبەی عاشق بە بەرزی مەرتەبەی سوڵتانییە

ئەو دەمەی دوو دڵ گرێ دەدرێ نیگایان لەیەک
شادمانی و لەززەتی ئەوتۆ لە دونیا دا  نییە!

چت لە بەحسی کات و سات و جێ و مەکانە؟ عاریزین
پاکی عەرزین ئەم هەموو کورتی و درێژی و پانییە

سەر کەوە لەم چاڵە قووتە، عومری چی لەو بەرزیە
پاکی دەبنە لەحزەیێ قەڕن و سەعات و سانییە

ساقیا! سادەی! دەخیلم، تۆم نەبی زۆر بێ کەسم
لەم شەڕ و شۆرە عەزابی مەی پەرەستان، چا نییە

حەقیە ئاسۆ ڕەخنەگر شیعرت بە سوننەت دابنێن
ئێستەکەش قیبلەی دڵت هەر دار و چۆم و کانییە

#ئاسۆ
  ساروقامیش هاوینی 400 هەتاوی

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠زمان ئامان💠

سەردەمێ سەیرە، نەشادی شک دەبەی ڕۆژ و شەوێ
نەش لە ماڵ و نێو شەقام وشت خەیاڵت دەسرەوێ

حاکم ومەحکووم لە ترسی یەکتری مات و کڕن
تیری جوێن داوێن لە پەستاو هیچکەسیش وێی ناکەوێ

لاوی ئازای چاو نەترس و کیژی جوانی ڕاپەڕیو
بێ ترس دێن ودەچن، تەمیان لە کەللەی ناڕەوێ

تیری جوێن قەیناکە کاکە، تیری خوێنڕێژیش خرا
خاکی کوردوستان بە خوین ڕەنگا وەکوو باڵی کەوێ

کەس نیە ڕێیێ نیشان دا چاڵە بێ، چاڵاوە بێ
مییللەتیش بێ دەستەڵاتە و دەستەڵات گەرمی خەوێ

وا چەنای چەندساڵە دەستی بەستەمان بۆ لای خودان
سەیرە دۆعاش نێت نەبێ بۆ لای خودا سەر ناکەوێ

کوا تەبیبێ حاڵزان؟ ئاخ بۆ نیگایێ متفه ڕک
خۆ نیگاش تیشکی نەماوە، لەم تەم و لێڵەی شەوێ

شیعرەکانیشم کە گۆشەی جەرگمن، بێناز بوو ون
چەندی حەولم دا کەسم دەسگر نەبوو لێرەو لەوێ

خۆ گوناهیشم نیە تۆبەم بە زۆری پێدەکەن
هەر وەکوو خەییام دەڵێ، حاشا لە تۆبەش، نامەوێ

تۆبە لەو تۆبانە بێ کردم بە مەجبووری ئەمن
ئاخە شان ومل لەژێڕ ئەو بارەدا، چۆن نانەوێ

لێڵە ئاسۆی بیری ئازادی بەڵام ڕۆژێ  دەبیت
نانی خۆت خۆشتر بوێ تا هی ئەمیرکە و مەسکەوێ

#ئاسۆ
شەوی یلدای 401
#بۆکان

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌺نیگا🌺

لە کوچەی ئاڕمانی 10، کچێ چاوێکی لێکردم
بەچاوی تیژی کیژانە بەرەو عەڕشی خودای بردم

کەچاوێکی لەچاوم کرد و شەرمێکی بە ڕووداهات
کوتم شەرمێ مەکە ترست نەبێ من شاعیرێ کوردم

کوتی ئاخر دەزانم، من قوتابیم تۆش موعەللیم بووی
لەداخی دەرسی ئەم دەورە، لەداخانا دەڵێی مردم

لەبەحسی دین و شەللاق و گڕو دووپشک ومار زیاتر
لە مامۆستام نەبیست ئاخر، ئەمن کوا باوەڕی پردم؟

لە فیزیک و لە شیمی نادوێن باس باسی سووتانە
دەڵێ دوکتور دەبێ بێن و هەموویان ببنە شاگردم

کوتم ڕۆڵە، نەبێ ترست ئەوا کیژ ڕاپەڕین یەکسەر
کوتی ترست نەبێ ئەمنیش تەواری شاخی هەڵگوردم

لە نێو لێنووسی خاترما دەنووسم ژین و سەربەستی
ئەوەی وا گەشتی ئێڕشاد پێیکوتم من یەک بە یەک شردم

کەدیم فرمێسکی شادی چاوی پڕکردم لە ئەسرینێک
پەڕێکی قاقەزم بوو و یەک قەڵەم ژیرانە هاوردم

بەناوی ژن ژیان ئازادی دەستم دا قەڵەم دیتم
لە شیعرێکدا وەکۆ نابێ بەیانات و قسەی وردم

بنووسم چی؟ لە نێوشار و شەقام هەرخوێن و جوێندانە
هەمووش شوێنی خەباتە شاخ و شیو و چۆمەڵ و گردم

کوتم ئەی کیژی ئازادە، ئەتۆی ئێستاکە مامۆستام
نەترسی هەر بڵێ من تۆرەمەی ئەو ئافەرین گوردم

کوتی ئەمنیش لەداخی تووسەری  وا، رووسەریم سووتاند
هەبووم زولفێ پەرێشان  و بە قەیچی لق بەلق کردم

لە ئەم گوفتانە دابووین و بەتورکی تەققە پەیدابوو
تێزۆڵ! دور! گێت ئێوە! مەندە، کمین شاهینە قشقردم

ئەمن ئاسۆی گەلی کوردم، من و ترساندن وتۆقان؟
لەبەر ئازادی ئینسانە وتار و شیعر و دەسکردم

#ئاسۆ
#ژن_ژیان_ئازادی

15   8  401  بۆکان

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

✨شۆڕشی مەستانە✨


تا، خەرابی، خەونی خەڵکە و خۆشیەکان دەژیێنەوە
لێی گەڕێن یاڕەب خراپ تر بێ لە هەرچی شوێنەوە

تا خەرابات داخربوو، کەس هەوای شادی نەبوو
موژدەبێ یاران ئەدی مەیخانەکان دەکرێنەوە

گەرچی پاییزە و گەڵاڕێژانە، کۆچ و کۆچبەرە
شۆڕشی مەستان دەڵێ، تەیران لە گەرمێن دێنەوە

داری ئازادی  بەخوێناو شین دەبێ، گەر واش نەبێ
زاڵمێکم من نەدی دەستی نەچێ لەو خوێنەوە!

خێڵی داڵاش، نامەی ئازادی ئەمەی شاردبوەوە
ئەی هەڵۆی سەرشاخ ئەتۆش، مەردانە بۆمان بێنەوە!

کورد گەلێ جاران لە سەر سفرەی سوڵح دەنگیان بڕین
جاری واش بوو دەنگیان ئاژوایە نێو بێڕلێنەوە

لاوە ڕاساوە، کچ وکوڕ، من بڵێم چی؟  پیاوترن
چەشنی سێڵاوی بەهاریی حەستەمە بکشێنەوە

دەردەکەی مام هێدیە، غوربەت هەمیشە خۆش نیە
ئەو خراپ بوو ئێوە چابن، لێگەڕێ با بێنەوە

وەک دەڵێن بارانەیێک دێ و تەڕ دەکا مەزرای وشک
نان بە ئازادی دەچێتە نێو گەرووی مسکێنەوە

شۆڕشی مەستان خەرابی تیا نیە، ئاسۆ دەڵێ
مامە سۆفی بەسیەتی کەم دیزە بزرینگێنەوە!

#ئاسۆ
#ژن_ژیان_ئازادی

گەڵاڕێژانی401 بۆکان

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠💠💠

پێم دەڵێن بێ لەیلە ئاسۆ، مەیلی ئەشعاری نیە
ڕووی تەمەن ڕەش بێ تەوانی هەستەکەی پاری نیە

گەر دەبینی ئێستەوەک جاران نەماوە زەوقەکەم
ئەوکێ زاڵم بیگوشێ،  قەت هێزی هاواری نیە

ژن ژیان ئازادی ڕۆحی شیعری من بوو، بوو بەباو
شیعر ئەگەر شوعلەی هەبوو، هەر نوورە قەت ناری نیە

مەجلسی مەستان مەی و ماچ و نەی و شیعری هەبێ
مەحفەلێکە وەک بەهەشت، فەرقی سەر و خواری نیە

هەک بژی عەوڵای هونەر شیعرت گەیاندە ئەوجی خۆی
بەدبەخت ئەو شاعیرەی مەیلی بە دڵداری نیە

یار رۆیی من بەتەنیا مامەوەی وەک مەحشەرە
یار ئاوا جوابی داوە، بۆیە هەر دیاری نیە

دەردی دڵ دەردێکی بێ دەرمانە یەک ڕێگەی هەیە
غەیری ماچی لێوی یاری خۆی نەبێ چاری نیە

موشکلی من سادەیی خۆم و پەیامی شیعرمە
هیندە بێ پیلەم گەرووی شیعر و قسەم خاری نیە

ناحەقم مەگرن ئەگەر بێ نیشتمان و پەرچەمم
کەس وەکوو ئێمە بەجێی یەک نیشتمان، چواری نیە

تۆخودا قەت پێم مەڵێن بۆ ئاشقی کێو و بەندەنی
شاعیرێ شێتی وەتەن بێ، مەیلی دێ و شاری نیە

بەو ئومێدەی حوڕڕ و سەربەست بێ وڵاتم من دەژیم
قوڕ بەسەر ئەو شاعیرەی لای گەل هەواداری نیە

عیشقی میللی زۆر جیاوازە لە نان و کەوسەریش
فرتەنەی کۆچ و بەهەشت و مەسکەن و باری نیە

خەڵک ئەڵێن ئاسۆ لە دڵداری و ئەوین بێزار بوە
نا براکەم! غەیری دڵداری و ئەوین کاری نیە

# ئاسۆ
ورمێ 19 ڕەزبەری 401 هەتاوی

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌼🌼🌼

لەم شۆڕشی مەستانە بەبێ شەوقی چراخۆم
بێ فیلتێر وبێ نێت وئینستاو شتی وا خۆم

لەم لاوە لەترسان و لەوێ لاوە لەخۆشیان
وەک ڕێوی دەواجین بە نەزەر تێر و تەبا خۆم

هەستاوە خرۆشێ لە دەروون و لە بروونیش
من بێ نەفەس و جووڵەیێ لەم کاکی براخۆم

کچ هاتونە مەیدان وهەموو ڕوسەری سووتان
کڕبوون نەجەفی و مەشەدی بێ ئەهلی عەباخۆم

هەرچی ژنی دونیایە هەموو هاتنەوە مەیدان
فاتم دەڵێ بێ زێنەبەکەم  بێ سەروپاخۆم

ئەستێرە درۆکان کە لەسەرشان  دەترووسکان
قاچاخ بوە سەردار دەڵێ بێ نوور و زیاخۆم

رەشتی هەموو هاتونەتە دەشتی وەکوو شێران
تەورێزی دەڵێ کوردەوەرە، وەک کوڕی شاخۆم

مەعسوومە لەبەر بەردی فەقێی فەیزیە هەڵهات
قوم چۆڵ بوە  بێ کەلـلـەیی  مەندیلی مەلاخۆم

تارانی، هەتا ڕانی، لەقوڕدا  کە  چەقیــــبوون
هەستاونەتە سەرپێ ودەڵێ  ،بێ ئێوە چ ناخۆم

هەرمن بەتەنی، لەم دەمی پیری وخەم و دەردە
بەو چاوەکزەش ،هاودەمی، سەد دەرد وبەڵا خۆم

شەو تاوەکوو ڕۆژ چاو ودڵ وگوێم لەخەبەردان
نیوەیشی درۆن، توونی قەناتێ بە وەفا خۆم

شێرانە وەکوو شێربەگی گوڕڕەی بێ بڵێ دەی!
ڕەشپۆش و پەرۆشی کوڕی ئا وا  تەوەلا خۆم

وەک ئاسۆ، لەئەم دەورە پڕی جەورە، غەریبم
بێ مەکتەب وبێ مەسنەد و بێ پیاڵەیێ چاخۆم

#ئاسۆ
بۆکان 3   7    401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

▪️بەرخودان▪️

دەوڵەتی زۆڵم و درۆ  با لاچن
عەسرەکە، عەسری نەوەی ئاتۆمە
با تفەنگ  ئیدی لە لاوان نەدرێ
کوانێ دەورانی قسەی باتۆمە؟

با بەجێی گولـلە تفەنگ پڕ گوڵ بێ
نە لەسورب و نەلەئەشک، ئەی سەرباز!
لاوەکان شادی بکەن  هەر لەوەتەن
نەک ببن لەو وەتەنەی خۆ  دەرباز

کچ  گوڵی باغی بەهەشتن تێکڕا
چون دڵت دێنێ بژاکێن  زاڵم!
کوا  ڕەوایە کە بەجێی داوەت و گەڕ
پێت بڵێ بۆچی شکاندت باڵم؟

ئەوە میژوو، وەرە بیخوێنەوە دەی!
عاقبەت دارە جەزای  هەر جەللاد
بۆچی پێت وایە گڕی میللەتی خۆت
خاکی قەبرت بە شەتاو نەدرێ بەباد

لابەئەو تفەنگە فڕێی دە شۆکێر
چاوەڕێی چۆڕێ ،نمێ ، ئازادیم
پێکەنین هەڵکە لەخەڵکی سەرباز!
من دژی غەمم و ڕفێقی شادیم

نەفڕەتی خەڵکی کە پڕبوو دەڕژێ
یاوەکوو گڕ هەموو ماڵتان دەتەنێ
ئەوەی ئەوڕۆکە لە زوڵمان دەگری
دوو سبەی ئەو بە ئەتۆ پێدەکەنێ

دەبەسە خوین مژیی جەللادی لەعین
ئەی زەروو! ئاقیبەتی هەر دەتەقی
ئەو گەلەی زیندوە مافی بدەرێ
با لە حولقوومتەوە نەستێنێ حەقی

دانێ سەرعەرزی تفەنگت سەرباز
دڵی ئەم خەڵکە پڕی کینە لە تۆن
وەرەوە نێۆگەل وخزم و کەسەکە
قەت مەبە نۆکەری ئەندیشەیی کۆن

ماڵی جاڵجاڵووکە فوویێکی دەوێ
قەهری ئەم میللەتە تۆفانە بەسام
هەوری بارشتی نەشەی گەل ئەوەهات
منی ئاسۆ بەدڵ و گیان بەتەمام

لاچێ ئەم نەگبەتی و ڕەنج وغەمە
کوترەکان بێنەوە هێلانی چەلان
ڕەشی ئەندێشەی پووچ شوێنی نەما
وەرنەوە باغی وەتەن خێلی مەلان!!!

#ئاسۆ
بۆکان خەرمانانی 401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌼 ئاوات 🌼


ئەم بەیانەش یادی جارانت بەدڵما هاتەوە
هەروەکوو، سروەی بەیان بوو، بێت لەنێو باغاتەوە

هاتەوە بیرم چ ڕۆژێ هاتیە نێو مەزرای دڵم
گۆشەیێکت کردەماڵ و ماوتە هەر، لەو کاتەوە

تاخەیاڵت وەک شەماڵێ داگرێ یێخەی قەڵەم
ماندوو ماندووش بێ قەڵەم، خەونی شیعر ئەیباتەوە

ڕووڕەشی بەشیان ئەوانەی فێڵ لە دڵداران دەکەن
هاکە دیتت، خوای ئەوین، لەم خاکەیان دوورخاتەوە!

دوور نیە وەک تەیری گەرمێنێ بەرەو ماڵ بیتەوە
نامەی ئازادیی گەلم بێنی بە باڵ و پاتەوە

ئەو پەیامانەی لەخەڵوەت دا دەهات یادیان بەخێر
تازە پیرییش بۆی نیە بێت و لەبیرمان باتەوە!

ئەی خودا خۆ خۆت لە نێو دڵمان ئەوینمانت چەقاند
چۆن دڵت دێ  پڕ دەکەی دڵمان، بەئەم ئاواتەوە

گەر بە پیریش بێ لەگەڵ یارانی یەک ڕەنگ یەک کەوین
مەجلیسێ سازکەین بەشادیی بەم کەمیی داهاتەوە!

مامەسۆفی! نامەوێی، چت کردەکاسەم بیبەوە
نامەوی سفرەی حەڕامی تۆ بە قەند و چاتەوە

هەوری سەر ئاسۆی گەلم ئاواتی  بارانەی هەیە
تاوەکوو کانیی ئەوینی ئێمە سەر هەڵداتەوە

#ئاسۆ
بۆکان 19    6    401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌼🌺 کۆشکی غەزەل 🌺🌼


یارەکانی شەو خەیاڵی شەودزیی لێمۆت دەکەن
عەتری ڕۆژیان لێ دزیت و ئارەزووی شەوبۆت دکەن

ئەو هەوسبازانە جێی موتمانەنین ــ هێمن کوتی ــ
تا هەنارت لێ وەشارن ئاشقی لێمۆت دەکەن

جوانی تێفکرە کەسم! لەو واژە قەڵبانەی ئەوان
باشی تەرکیب کە کەسم! ئەو ڕستە بە درۆ بۆت دەکەن

کێ بەقەت من تۆی لەنێو کۆشکی غەزەل پەروەردە کرد؟
مەسنەوی تەفرەن ئەوانەی ئاشقی هایکۆت دەکەن

تا ئەوینی نیشتمانت لێ بگۆڕن، زۆر زرینگ ...
پێکەنینت لێ حەڕام و تالبی ڕۆ ڕۆت دەکەن

تاقەجارێ  باسی کابەی نیشتمان ناکەن کەچی
وەک خەڵیفە، فێری فێڵ و فرتەنەی موسکۆت دەکەن

تۆ هەتاوی، نووری سرفی، ڕوومەکە ئەو کۆڕەیان
شاهیدی لایان قومارەو، نیشتمان بایکۆت دەکەن

داخەکەم بۆ خوێنی سووری هاوەڵانی ڕۆژ هەڵات
چون ئەمانە تۆ دەکووژن، هاوەڵیی ناتۆت دەکەن

پێت دەڵێن گەرنت لە زێڕو خشڵ و زێوەر پاکەوە
بەم وشانە تەوقی نەفسی زاڵمان لەستۆت دەکەن

مام هەژار وهێمن وهێدی وهەقیقی هەر ونن
مەدحی بنجامین و نیچەو زەمبی کاکاسۆت دەکەن

#ئاسۆ
بۆکان    1    8     98

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ


🌺🌸🌼 ڕاوچی پیر 🌼🌸🌺

#ئاسۆ
#بۆکان

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌸داری میوە🌸

دارەقەیسی کووچەمان ئەوساڵ بەری هێنایەوە
گەرچی منداڵ پاکی شینخۆرکرد بەبۆنەی کایەوە

داری میوە هەر وەهایە، دارو بەردی بۆ دەخەن
باغەوانی ڕژدە پاییز، ڕو ڕەشی بۆ مایەوە

هێندەمان دەستی دوعا بۆ ئاسمان بەرز کردەوە
خوا، شکور، وێنەی هەمیشە جوابی عەبدی دایەوە

تۆ ئەگەر گەرد و لکەی شووشەی دڵت پاکەیتەوە
پاک تەماشاکەی، دەبینی، ڕەنگی عالەم تیایەوە

کۆدەکەی تۆ ئیشتیبایە خۆ دەنا خوا هەر هەیە
میهرەبانی ئەو چ دەخڵی کوا بە باب و دایەوە

ئەی ئەوەی تۆرای لەنێو مزگەوتی عشق وعاتیفە
کەج مەکە میحڕابی ئەبرۆت، ئاخە بۆچی نایەوە؟

خۆم بەچاو دیتم ئەگەر ئێستاکە پاشای خۆیەتی
ئەو کەسەی چەشنی گەدا لەم کوچەدا دەخولایەوە

ئەی گوڵی تۆراوی سەرمام بۆ لەگەڵما هەر دژی
ئەوشەڕەی ئەمن و ئەتۆ بۆ؟ بۆچی هەر نەبڕایەوە؟

نوری سەر ئاسۆی کەژو کۆساری کوردی لێڵ مەکەن
زۆر موسافیر شەو لەبەر ئەو نوورە سەریان نایەوە

#ئاسۆ
بۆکان 2 4 401

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌹‍ شەمی ٦٦🌹

وردە وردە ساڵی عومرم وەک بەفر دەتوێتەوە
تۆم هەبی، کۆرپەی غەزەل وەک لاوی بۆم دەشنێتەوە


شەست وشەش شەمعم لەسەر کەیکی تەمەندا هەڵگڕاند
یاعومر! تا ساڵێ دیش شەمعێکی دی هەڵبێتــــەوە؟!!


خۆش وناخۆش عومر ئەگەر ڕابورد، بڵێ یادی بەخێر
خۆشەویستی ئاو و خاکە، ڕۆژ بە ڕۆژ دەژیێتەوە


خۆڵ وەسەر ئەو شاعیرەی خەڵک و وڵاتی خۆش نەوێ
خۆش بە حاڵی ئەو کەسەی هەنگاوێ هەڵدێنێـتـەوە


تۆ ئەگەر هەرخۆت لەبەرچاو بێ، لەژین تەنیا دەبی
شەرت ئەوەن گەر چوویتە هەر کوێ، خەڵکی لێت کۆ بێتەوە


نەفسی بەد ئاکارە شێتە هەمیەتی قەت وێ مەدە!
کوا عەقڵ دەیکا قەبووڵ، شمشێر بەدەستی شێتەوە


ڕاستە پیریی زاهێرەن هێندێ دزێو و ناحەزە
عاشقی و دڵ هەرزەگی لەو عومرە ناکاڵێتەوە

پیر لەنێو خشتا دەبینێ وێنە، لێتان تێک نەچێ!
بێ مەقامیی خۆشەویستی و شادی ناحاوێتەوە...


ڕابرا عومر و کەچی داری نیاز باڵا دەکا
بێ حەبێ قورسی قەناعەت دارەکەی نابڕێتەوە


قەرزو فەڕزە ژین هەمووی ئاسۆ لە هێدی میسرەعێ
بەفری بەفرانبارە بێ بای وەعدە قەت ناچێتـــەوە

#ئاسۆ
بۆکان ٩ / ٣ / ٤٠١

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠جەژنی درۆ💠

نەرمەبارانێ بەوردی، تەڕ دەکا سەربانەکەم
کەم دەکا هێندێ خەم و زۆرتر خەیاڵە جوانەکەم

گەرچی ڕۆژی جەژنەیەو شادی دەبێ خۆش کاخەیاڵ
هێند بەلەز ڕۆیی تەمەن، من ئارەزووی گریانە کەم

نان و ئاو هاوڕێی هەناسەن، تابمێنی هەر هەیە
چون قوتابی قانعم من دەیگەیێنێ نانە کەم

من، سەفای جارانی سەر چۆم و شەتاوم ون بوە
کوا بەهیوای پووڵ و پۆست ومەدرەکم؟باوانەکەم!

بەرد هەتا بۆسەر پتر بڕوا کە کەوتە خوارەوە
وردی وردی ورد ئەبێ، من ئیشتیبای وا، با نەکەم

باڵی موورە، دەوڵەتی زاڵم، نەچی توخنی کەوی
سەد هەڵۆ و باشووت لەسەر ڕێن، کاکە ژیر و جوانەکەم

گەر دەڵێم جەژنیش درۆی دینە و ئەوانەش مەرکەزین
دەیبڕن لێم نانەسەگ، نا نا ، کوڕە! یارانە کەم!

دەک بە ژەهرم بێ لەژێر ئەو هەموە جەهل و ناهەقە
شەرتەئیدی تاهەبم زەمبی زەمانــــــی شا نەکەم

خۆ دەزانم عاقیبەت یارم دەنێرێ یەک مەسیج
بۆنی ماچ ومەی بدات و وەرگرم جەژنانەکەم

پێم بڵێ ئاسۆ مەترسێ دەورە گۆڕانی هەیە
دیت چلۆن گوڵ بۆتە پاشای موڵکی ڕێبەندانەکەم؟

#ئاسۆ
بۆکان جەژنی ڕەمەزان ۱۲ / ‌۲ / ١٤٠١

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

💠زانکۆی نیشتمان💠


یا ڕەبی خوا مەیلی عیشقی تۆ لە دڵما دەر نەکا
چیم بەسەر دێنێ بهێنێ، کاری ئاوا هەر نەکا


چاوی تۆم تیشکی هومێدە و سینەشت باغی بەهەشت
یا ڕەبی خوا باغی سێوی هیچکەسێ بێبەر نەکا


هێندە بێزارم لە ژینی ژێر دەسی ئەم سەردەمە
دەستە کورتە و پێ شەلە و کەس ئیدی باسی سەر نەکا


شەو نییە دڵ تا خەیاڵی پاکی تۆی تیا ڕابژێ
ڕۆژ نییە شێعرێکی تازە واریدی دەفتەر نەکا


ئەو وشانەی بۆ ڕەقیبی دڵڕەقی تیا تیژ دەکەم
بێ وەفا بن دانە دانەی، کاری سەد خەنجەر نەکا


نێوی خۆشت تا لە گوێم دەنگداتەوە چاو ڕوونترە
چاوی ئاشق چۆن دەبێ شەو شەڕ لە گەڵ ئەختەر نەکا؟


لێی گەڕێ باهەر لە فێڵێ بن گەلی خۆخۆرەکان
دڵ کە ڕەش بوو، تازە با قەت ئارەزووی دڵبەر نەکا


بێ سەمەر سەر مەستە بادە کوا حەریفی چاوتە؟
پێی بڵێ ساقی ڕەقەی چاوت بە دو ساغەر نەکا


هیچ دەزانی بۆچی هێندمان سەوزە بێژ تێدا هەیە؟
تا ئورووپی هێندە مەنعی چاوڕەشی ئەسمەر نەکا


ئەو کەسەی لەم ساردەبا ڕۆیی بەرەو گەرمێن ئەدی
پێی بڵێ کاتێ حەساوە قەت زەمی ئەم بەر نەکا


خاک ئەوەندە خۆشەویستە وەرزی شەختەش گوڵ دەبێ
قەیدی ناکا با لە ڕێبەندان، چرۆ و پەل دەر نەکا


تاکوو زانکۆی خۆشەویستی نیشتمانی شک بەرێ
حەقیە #ئاسۆ قەت خەیاڵی جامع الازهر نەکا

#ئاسۆ
بۆکان ۷ــ ۹ــ۹۷

Читать полностью…

مامۆستا ئاسۆ

🌺بەهار🌺


ئەوا دیسان بەهار هات و کەژ وکێو دەنگ و ڕەنگە
لەسەرچۆم ودەراو وکێو، ئەوەی دێ، شۆخ وشەنگە

هەرایە، دەنگی زەنگی پێش قەتاری مێگەلە دێت
لەگوێی مندا دەڵێی زەنگی قوتابخانەی فەڕەنگە

سەداو سیما درۆگایە هەموو هەر فێڵ وفەندە
لەسیمای کێو کە دەڕوانی، قسەی وان هەر جەفەنگە

ئەوان باسی ئەوین ناکەن بە تەفرەی گەل دەنازن
پەنایان دارە یا قەمچی، ڕفێقیشیان تفەنگە

وەبیرم دێ کچێ جوان بێری بوو، من عاشقی بووم
لەسەر شانی چەنێ جوان بوو خودایا، ئەو چەلەنگە!

لە حەسرەت چاوی ئەو خێل بوو دوچاوانی حەبیبە
کە ناڵی بۆ دەناڵی و ئێستە جێیان قەبری تەنگە

من وئەو ئێستە دوو پیرین، کە جوانیمان، چ زوو چوو
پڕە گوێی من لە پەندو بەندو گوێی ئەو هەر پەرەنگە

مەدە هاوڕێ لەدڵداری وئەوین ،تانەت ، کەڕە گوێم
پەلی ئەسپی خەیانەت هەر لە شیعرا لەنگی لەنگە

ڕەقیبم جێی شەوانی بار ودیسکۆی پڕ لەبادەن
ئەمن دەنگی کەوم ئێستا لەگوێ وەک تار وچەنگە

مەڵێ دۆڕاوە ژین ئاسۆ، جەوانی چوو، بە پیری
بە بێ بادە مەژی یەکشەو، کەناو مەحسوولی نەنگە

#ئاسۆ
ساروڤامیش گوڵانی۷۳

Читать полностью…
Subscribe to a channel